دوو رۆژنامه‌نووسی گه‌رمیان داوا له هێزه ئه‌منییه‌كانی سنووره‌كه ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی به ئامانج گرتنی به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی پارتی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكه‌ن، هۆشداریش ده‌ده‌نه لایه‌نه ركابه‌ره‌كان و ده‌ڵێن، گەرمیان ئەو پانتاییە نییە بیانەوێت تەسفییە حسابات و دەستشکانەوەی خۆیانی تیادا ئەنجام بدەن.
هه‌ریه‌كه له دڵشاد ئه‌نوه‌ر و ئازاد عوسمان، كه دوو رۆژنامه‌نووسی قه‌زای كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیانن له به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداری ده‌ده‌نه لایه‌نه نه‌یاره‌كان و ده‌ڵێن، لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە، کە هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان درا، خەریکە گەرمیان دەکرێتە چەقی ململانێی نێوان هێزە نەیارەکان، لەکاتێکدا گەرمیان بە سەدان کیلۆمەتر لە زۆنی کێبڕکێی هێزە رکابەرەکانەوە دوورە.
باسیان له‌وه‌شكردووه، ناکرێت شەڕ و ململانێ لەناوچە سنورییەکان بێت، کەچی دوکەڵ لە گەرمیانەوە هەستێت، ئەو گەرمیانەی کە لە هەرچی کەم بێت لە شەڕ و ماڵوێرانیی دا کەمی نییە.
ده‌شڵێن: "ئێمە وەک دوو رۆژنامەوان و هاووڵاتیی گەرمیانی، بەهیواین هەرچی زووە، دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بە ئامانجگرتنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن و تەمومژ لە رووداوەکەدا نەهێڵنەوە".
"هەموو لایەنە رکابەرەکانیش ئاگادار دەکەینەوە گەرمیان ئەو پانتاییە نییە بیانەوێت تەسفییە حسابات و دەستشکانەوەی خۆیانی تیادا ئەنجام بدەن، گەرمیانییەکان چیتر قبوڵ ناکەن دەڤەرەکەیان لە تەحەداکردنی نەیارانی کوردەوە بگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی یارییکردن و دەستشکانەوەی هێزە کوردییەکان"، هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی گه‌رمیان واده‌ڵێن.
سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە 15ی ته‌مموزی 2024، لەکاتێکدا ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستوویەتی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لەگەڕەکی شەهیدانی کەلار بەرەو لق بڕوات، لەوکاتەدا بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیووەتەوە.
ئەوکاتەی بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دا تەقیووەتەوە، بەرپرسی لق و شۆفێرەکەی و پاسەوانێکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دوای رزگارکردنیان ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووەو بە تەواوەتی سووتاوە.
دوێنێ سێشەممە 16ی ته‌مموزی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو پەکەکەی بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیمکراتی کوردستان تۆمەتبارکرد.
هەرچەندە میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، ئەو کەسەی بۆمبەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی پارتییەوە لکاندووە ناسراوەتەوەو نزیکە لە پەکەکە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکە لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان دەڵێت، "هێشتا بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە، شوێن پێی تۆمەتبارەکە لە رێگەی کامیراکانی چاودێرییەوە هەڵگیراوە، بەڵام گرفتەکە خراپی کواڵێتی کامێرای چاودێری ماڵانەو تا ئێستا نەتوانراوە ناسنامەی کەسەکە بەڕوونی دەستنیشان بکرێت و لەهەوڵداین".
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ته‌مموزی 2024، پەکەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنییانەی لەناو ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، یەکێک لە بەرپرسانی پارتی چێنراون. ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە رەتدەکەینەوە".
-westganews