سەنتەری میترۆ رایگەیاند، توندبوونی ململانێی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو، وا دەخوازێت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چاودێری زیاتری رەوشی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتیش رەوشی ئازادی میدیا كە لەوكاتانەدا زۆرتر پێشێل دەكرێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلولی 2024، سارا سەنبەر، توێژەری عێراق، لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، سەردانی سەنتەری میترۆی كرد بە مەبەستی هەماهەنگی لە بواری مافەكانی مرۆڤ.
بهپێی راگهیهندراوی میترۆ، لەو كۆبونەوەیەدا كە ئارام سەعید، سەرۆكی رێكخراوی بەدیل بۆ دیبەیت ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ بە تایبەتی و مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری كرا.
بهپێی راگهیهندراوهكه، رێكخەری میترۆ تیشكی خستەسەر دیارترین ئاڵەنگارییەكانی بەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، هەندێك لەراپۆرتەكانی سەنتەری میترۆی خستە بەردەم شاندی میوان، باسی لەوەشكرد توندبوونی ململانێی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو وا دەخوازێ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چاودێری زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن كە مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنووسان لەوكاتاندا زۆرتر پێشێل دەكرێت.
هاوكات ئارام سەعید، سەرۆكی رێكخراوی بەدیل بۆ دیبەیت تیشكی خستەسەر چالاكییەكان لە بواری پەروەردە و ژینگە و مافەكانی مرۆڤ.
سارا سەنبەر، خۆشحاڵی دەربڕی بۆ سەردانەكە و سوپاسی هاوكاری و كارئاسانییەكانی سەنتەری میترۆی كرد بۆ رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ كە 15 ساڵە بەردەوامە و جەختیكردەوە كە ئامانجەكانی هەردوو رێكخراو وادەخوازێت ئەم پەیوەندییانە برەوی پێبدرێت.
سارا سەنبەر توێژەر لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق دەكات.
پێشتر لە یەكەی پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی لە كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سووری نێودەوڵەتی كاری كردووە، كە تیایدا سەرنجی لەسەر ململانێ و گۆڕانی كەشوهەوا، رێگریكردن لە تاوانەكانی جەنگ خستوهتەڕوو.
هەروەها پسپۆڕی پاراستن بووە لە ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارك و لەگەڵ هێزی ئاشتی ناتوندوتیژ لە عێراق كاری كردووە، كە تیشكی خستوهتە سەر پاراستنی ئاوارەكانی ناوخۆ و ئاشتەوایی لە سەردەمی دوای داعش.
-Westga