میترۆ: ناوزڕاندن پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تێكده‌دات




سه‌نته‌ری میترۆ  بێزاری ده‌ربڕی له‌ شێوازه‌كانی هه‌ڵمه‌تی ناوزڕاندن و قسه‌ی ناشرین و هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو بۆ به‌ربژێره‌ ژنه‌كان، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌بوونی ژنان له‌ فه‌زای گشتی بۆته‌ واقعێكی به‌هێز ئه‌مه‌ی ده‌كرێت هه‌وڵی شكستخواردووه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌یان له‌ ژیانی سیاسی.

ئه‌مڕۆ 8ی ئه‌یلولی 2024، تیمی سه‌نته‌ری میترۆ پیشوازییان له‌ مامۆستای زانكۆ، د. سارا موحسین كرد.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا د. سارا موحسین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربژێره‌كانی (ره‌وتی هه‌ڵوێست)، باسی  له‌ میكانیزمه‌كانی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه‌كردن، ناوزڕاندن، چووونه‌ ناو ژیانی تایبه‌تی ژنانی به‌ربژێر كرد، كه‌ ته‌نانه‌ت به‌رله‌ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستیان پێكردوه‌.

د. سارا موحسین داوایكرد "رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌دنی و سه‌ندیكاكان و كۆمه‌ڵه‌كانی به‌رگری له‌ مافه‌كانی ژنان، دژ به‌ هه‌موو جۆرێكی هه‌راسانكردن و ناوزڕاندنێك به‌ رامبه‌ر به‌ربژێران به‌ گشتی و ژنه‌ به‌ربژێره‌كان به‌ تایبه‌تی، بوه‌ستنه‌وه‌".

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تیمی میترۆ  بێزارییان ده‌ربڕی له‌ شێوازه‌كانی هه‌ڵمه‌تی ناوزڕاندن و قسه‌ی ناشرین و هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو بۆ به‌ربژێره‌ ژنه‌كان جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌بوونی ژنان له‌ فه‌زای گشتی بۆته‌ واقعێكی به‌هێز، ئه‌مه‌ی ده‌كرێت هه‌وڵی شكستخواردووه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌یان له‌ ژیانی سیاسی.

سه‌نته‌ری‌ میترۆ هاوڕابوو كه‌ "به‌ربژێری ژنی لێهاتووی به‌هێز له‌ لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردندا هه‌ن، پێویسته‌ میدیاكان بێ جیاوازی تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر به‌رنامه‌كانیان". هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه‌ كه‌ ناوزڕاندن پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تێكده‌دات و پێویسته‌ مشتومڕی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌ی لیست و به‌ربژێره‌كانیان بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چالاكی جۆراوجۆر رێكبخرێن.



PM:02:03:09/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌