26 رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوای راگرتنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی، رۆژنامەنوس و چالاکوانی کورد لە ئێران دەکەن.
ئەو رێکخراوانە لە بەیاننامەکەیاندا داوایان لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کاری جدی بکەن بۆ وەستاندنی سزای لە سێدارەدانی چالاکوان، توێژەری کۆمەڵاتی و رۆژنامەنوسی کورد پەخشان عەزیزی.
رێکخراوەکان دەڵێن، عەزیزی لە زیندانەکانی ئێران چەندین جار توشی ئەشکەنجەدان و فشاری جەستەیی و دەروونی بووەتەوە، سزای لە سێدارەدانیشی تەموو مژاوییە و دوورە لە هەموو پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
پەخشان عەزیزی کوردە و خەڵکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، 4ی ئابی ساڵی 2023 لە تارانی پایتەختی ئێران دەستگیرکرا، لە زستانی هەمان ساڵدا لە لایەنی لقی 5ی داواکاری گشتی ئاسایشی زیندانی ئێڤین بە خیانەت لە وڵات و ئەندامبوون لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری ئێران تۆمەتبارکرا، پارێزەرکەشی رایگەیاندووە،عەزیزی بەشداری لە هیچ چالاکییەکی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکە نەکردووە،تەنیا وەکو چالاکوان کاری کردووە و هاوکاری پەنابەرانی لە عێراق و سوریا کردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە ململانیە سیاسیەکانەوە نەبووە.
-Channel8