ئەمڕۆ 11ی ئەیلولی 2020ە، یادی ١٩ ساڵەی خۆكێشانی دوو فڕۆكەی نەفەرهەڵگرە بە دوو تاوەری بازرگانی شاری نیویۆركی ئەمەریكادا، ئەو رووداوەی رێرەوی رووداوەكانی جیهانی گۆڕی و سیستەمی سیاسی چەند وڵاتێكیشی لەگەڵ خۆیدا رووخاند.
چەند كەس لە رووداوەكەدا كوژران؟
لە بەرەبەیانی 11ی ئەیلولی 2001 (11ی سێپتەمبەر) دوو فڕۆكەی نەفەرهەڵگر لە جۆری بۆینگ 757 لە گەشتێكیاندا لە نێوان بۆستن و لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكا رفێندران و دەستیان بەسەرداگیرا، دواتر خۆیانكێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی و هەردوو تاوەرەكەیان تەقاندەوە، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٩٩٦ كەس و هەزارانی دیكەش برینداربوون، لەكاتی خۆیدا واشنتۆن رێكخراوی قاعیدەی بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتباركرد و دواتریش بەهەمان بیانوو هێرشیكردە سەر ئەفغانستان.
لەئەمەریكا ئەو رۆژە بە ناخۆشترین رۆژ هەژمار دەكرێت
ئەوكاتەی هێرشەكان ئەنجامدرا، ماوەی نۆ مانگ بوو جۆرج دەبلیو بۆش ئیدارەی سەرۆكایەتی ئەمەریكای گرتبووە دەست، لەئەمەریكا ئەو رۆژە بە ناخۆشترین رۆژ هەژمار دەكرێت، كاتێك 19 تیرۆریستی سەر بەرێكخراوی ئەلقاعیدە لە پاش دەستبەسەراگرتنی چوار فڕۆكە لە چەند كاتێكی نزیك یەكدا، سێ هێرشی خۆكۆژییان بەفڕۆكەكانەوە كردە سەر سێ شوێنی سەرەكی ئەمەریكا و لەهێرشی چوارەمدا شكستیان هێنا.
19 تیرۆریستەكە، 15 یان هەڵگری رەگەزنامەی سعودی و 2 یان ئیماراتی و یەكێكیان میسری و دواهەمیان لوبنانی بوون.
دوای چەند رۆژێك لە رووداوەكە، كۆنگرێسی ئەمەریكا یاسای سەرپشككردنی بەكارهێنانی هێزی دەركرد
دوای چەند رۆژێك لە رووداوەكە، كۆنگرێسی ئەمەریكا یاسای سەرپشككردنی بەكارهێنانی هێزی دەركرد كە دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی ئەو وڵاتەی سەرپشك دەكرد لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەر وڵات و كەس و رێكخراوێك بەشداریكردبێت لە هێرشەكەدا یان پلانیان دانابێت یان رێگەخۆشكەر بووبن بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە.
جۆرج بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا لە وتارێكیدا رێكخراوی قاعیدەی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی هێرشەكە
جۆرج بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا لە وتارێكیدا رێكخراوی قاعیدەی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی هێرشەكە و دواتریش لە تۆمارێكی دەنگیدا ئوسامە بن لادنی، سەرۆكی رێكخراوەكە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆگرت.
لە 7ی تشرینی یەكەمی 2001دا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە 40 وڵات پێكهاتبوو، بە سەرۆكایاتی ئەمەریكا هێرشیكردە سەر ئەفغانستان و بووە هۆی رووخاندنی حكومەتی تاڵیبان و پەرتەوازەكردنی قاعیدە.
بە فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی چوار كەسی بۆ رووداوەكە دروستكرا
هەفتەیەك دوای رووداوی 11ی سێپتەمبەر بە فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی چوار كەسی بۆ رووداوەكە دروستكرا.
لە راپۆرتە دوروردرێژەكەیاندا، جگە لەوەی خالید شێخ محەمەد بە پلاندارێژەری رووداوەكە دەستنیشانكرا محەمەد عەتا-یان بەسەركردایەتی گروپە كەسییەكە ناساند، 200 تایتلی كەمتەرخەمی كۆشكی سپی و سی ئای ئەی- یان خستەڕوو، هەروەها لەراپۆرتەكەدا خەمساردی پەیوەندی نێوان ئێف بی ئای و سی ئای ئەی دەخەنەڕوو دەربارەی هاتۆچۆی تیرۆریستەكان، بەتایبەتی نەواف حازمی و خالید مەحزەر، هەروەها ئەو هەموو پارەیەی كە لەخوێندنی فێربوونی فڕۆكەوانیدا لەماوەی یەك ساڵدا شەش لە تیرۆریستەكان خەرجیان، بێئەوەی سەرچاوەكەی بزانرێت.
راپۆرتەكە كەمتەرخەمی ئەوەی خستۆتەڕوو كە لەیەكی ئاب-دا، جۆرج دەبلیو بۆش بەنامەیەك سی ئای ئەی ئاگاداركردۆتەوە لە هێرشی تیرۆریستی و بەدەق نووسیویەتی كە بن لادن پلاندارێژی هەر هێرشێكە بكرێتە سەر ئەمەریكا و دەشێت ژمارەیەك ئەندامی رێكخراوەكەی لە ئەمەریكا بژین، ئەویش دوای ئەوەی كەسێك پەیوەندی كردووە بە باڵیۆزخانەی ئەمەریكاوە لە ئیمارات و پێیوتوون كە ژمارەیەك ئەندامی ئەلقاعیدە لە ئەمەریكان.
هەروەها كاتژمێر 8:21 خولەك واتە یەك خولەك پێش ئەوەی فڕۆكەی یەكەم خۆی بە تاوەری یەكەمدا بكێشێت، نیدیا گۆنزالس پسپۆری پرۆسەی هێلی ئاسمانی ئەمەریكا پەیوەندی كردووە بەسەنتەری هێڵی ئاسمانی ئەمەریكاوە كە یەكێك لەخزمەتگوزارەكانی ناو فڕۆكەكە پێیان راگەیاندوون كە فڕۆكەكەیان لەلایەن پێنج كەسەوە دەستی بەسەر كراون و رفێنراون، كە بەپێی لیژنەی لێكۆڵینەوەكە سەنتەری هێڵی ئاسمانی ئەمەریكا دەستوبرد نەبووە لەئاگاداركردنەوەی پێنتاگۆن تا قوربانییەكان كەمتر بوایەتەوە.
دوای 11ی سێپتەمبەر چی روویدا؟
ئەوەی 11ی سێپتەمبەر جێیهێشت لە ناوخۆی ئەمەریكا، جگە لە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك و كەسایەتی و دیپلۆماتكار، وایكرد گومان لەهەر كەسێكی موسوڵمان بكرێت كە گەشت بۆ ئەمەریكا دەكات لەو وڵاتانەی كە لە تیرۆرەوە گلاون، هەروەها ناردن و حەواڵەكردنی پارە ئاستەنگی بۆ دروستبوو، ناردنی پارە بەشێوەیەك قورس بوو، تەنیا لە رێگەی بانكەكانەوە رێگە دەدرێت پارەی قەبەو بڕی زۆر بنێرێت، جگە لەوەی فەرمانبەری بانكەكە داوای زانیاری لەسەر سەرچاوەی پارەكە دەكەن، بانكەكەزانیارییەكان رەوانەی ئێف بی ئای دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و ئاگاداركرانەوە لەچۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەمەریكا نین لەنێو فڕۆكەخانەكاندا، لەلایەنی ئابووریشەوە بووە هۆی لەدەستدانی 143 هەزار پلەی وەزیفی و دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری كرێی ئەو كەسانەی كاریان دەكرد لە نیویۆرك، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی دوای رووداوەكە، هەروەها گەوەرترین زیان لەماوەی ئەو چەند رۆژە بەر هێلێ ئاسمانی ئەمەریكا كەوت كە بووە هۆی له كاركەوتنی 60%ی كاركردنی فەرمانبەران.
لەرووی تەندروستیشەوە بەهۆی ئەو تەپوتۆزەی كه ناوچەكەی گرتەوە لەو رۆژەدا، 10 هەزار كەس تا ساڵی 2018، دەستنیشانكراون كە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بوون.
رووداوەكە چی لە سیاسەتی ئەمەریكا گۆڕی؟
لەسەر ئاستی دەرەوە، ئەمەریكا هەردوو جەنگی ئەفغانستان و عیراقی تەواو كرد كە سەرئەنجام جگە لە تێچوونی بوودجەیەكی گەورەی ئەمەریكا، ژمارەیەكی زۆری زیانی گیانی لێكەوتەوە، لەئەفغانستان دوو هەزار و 372 سەربازی ئەمەریكی كوژراون و زیاتر لە20 هەزار سەربازیش كەمئەندامن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
جگە لەوەی 1720 هاووڵاتی ئەمەریكی لەكاری رۆژنامەنووسی هەواڵگری و كاروباری خزمەتگوزاری لە ئەفغانستان كوژراون، لە عیراقیش نزیكەی پێنج هەزار سەرباز و كەسانی رۆژنامەنووس و رێكخراوەكانی مەدەنی و هەواڵگری ئەمەریكی كوژران.
-AVA