ڕێگریی لە کوردستان24 کرا ڕووماڵی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بکات




ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، تیمی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە نێو ژمارەیەک کەناڵی کوردی  تەنها ڕێگری لە کوردستان24 کرد، ڕووماڵی ڕێوڕەسمی پێشوازیی د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆشکی سەرۆکایەتیی، لە بەغدا بکات.

پێشووتر تیمی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویان کردبووەوە، ڕێگە بەهیچ کەناڵێکی راگەیاندن نادەن ڕووماڵی ڕێوڕەسمی پێشوازیی سەرۆککۆماری عێراق لە سەرۆککۆماری ئێران بکەن؛ بەڵام ئەمڕۆ تەنها ڕێگرییان لە کوردستان24 کرد.

هاوکات تیمی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، ئەو کەناڵانە لەلایەن تیمی ڕاگەیاندنی لایەنی ئێرانیەوە مۆڵەتی هاتنە ژوورەوەیان پێ دراوە.

سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا. سەرەتا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و پاش کەمێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ دەبێتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، "بارودۆخی ناوچەکە، شەڕی غەززە، پەرەپێدانی هاوکاریی بازرگانی، ئابووریی و ئەمنی و هاوبەشی لە ژمارەیەک کەرتی گەشەپێدان" تاوتوێ دەکەن.

سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی ژمارەیەک پارێزگای شیعەنشین دەکات و چاوەڕێ دەکرێت سبەینێ یان دووسبەی بگاتە هەرێمی کوردستان.

-kurdistan24



PM:12:22:11/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌