وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان فەرمانیی وەزاریی بۆ درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لە 100٪ـی قەرزی کەڵەکەبووی سەر خاوەنکارانی تایبەت بە بەشداری لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تاوەکو کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر دەرکرد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنکاران سوودمەند دەبن".
رۆژی چوار شەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 4317، بڕیاری لێخۆشبوون لە 100٪ـی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبووی درێژکردەوە و واژۆی لەسەر فەرمانی وەزاریی ژمارە 818ـی وەزارەتەکە بۆ ئەو مەبەستە کرد.
نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنکاران لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، بەشێکیان دوو بۆ سێ ساڵ دەبێت قەرزی لەسەر کەڵەکە بووە، هەیانە یەک ساڵە و خاوەنکاریش هەیە چەند مانگێک، بەو بڕیارە و درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لەو قەرزانە سوودێکی زۆریان پێدەگات".
رۆژی 14ـی نیسانی ئەم ساڵ، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەند بووە لەسەر لێخۆشبوون لە 100٪ـی قەرزی کەڵەکەبووی سەر خاوەنکاران تایبەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی سێ مانگ.
بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەر خاوەنکارێک مانگانە دەستەبەری کرێکارەکانی بدات، بە پێچەوانەوە بە پێبژاردنی 2٪ـی پارەی دەستەبەرییەکە سزادەدرێت و هەر مانگێکیش دوابکەوێت سزاکە زیاد دەکات، واتە 2٪ دەبێتە 4٪ و بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت.
تاوەکو 09-03-2024 لە هەرێمی کوردستان 148 هەزار و 621 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە؛ 125 هەزار و 380 کرێکاری نێوخۆیی و 23 هەزار و 241 کرێکاری بیانی.
سەرچاوە/ ڕووداو