نزیکەی 300 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەرێمی کوردستان، مافى دەنگدانیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەیە، و 10%ـى کۆى گشتى دەنگدەران پێکدەهێنن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەى کەناڵ8 لەبارەی ژمارەی دەنگدەری نوێوە لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە وەریگرتووە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، لەدایکبووانی 2004 و 2005 و 2006 دەتوانن بۆ یەکەمجار بەشداریی پرۆسەکە بکەن، کە ژمارەیان نزیکەى 300 هەزار دەنگدەرە و 10%ـى کۆى گشتى دەنگدەران پێکدەهێنن.
لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەیە، بۆ هەر کورسیەک بەتێکڕا نزیکەى 29 هەزار دەنگ پێویستە.
بەگوێرەى ئەو ئامارەش ئەگەر سەرجەم ئەو کەسانەى یەکەمجارە مافى بەشداریکردنیان هەیە، بەشداریى لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، 10 کورسى پەرلەمانى بەدەستدەهێنن.
ئەگەر سەرجەم دەنگدەران بەشداریى لە هەڵبژاردندا نەکەن ئەوا ژمارەى دەنگى ئەو کەسانە لە 10 کورسى زیاتر دەبێت.
13 رۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەستپێکردووە، بڕیارە تاوەکو 15ـى تشرینى یەکەم بەردەوام بێت، لە 20ـى ئەم مانگەش هەڵبژاردنە گشتییەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەدەچێت.
-Channel8