جێگری کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەولێر: هەڵبژاردن دەرفەتێکی باشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان




جێگری نوێی کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا دەڵێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە و رایدەگەیێنێت: "ئەو پرۆسەیە دەرفەتێکی باشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو داهاتووی خۆیان دیاری بکەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2024، شارلێت دیکسن، جێگری نوێی کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی باس لەوە دەکات، کە "هەڵبژاردن هەلێک دەبەخشێتە سەرجەم لایەنەکان و خەڵک سیاسەتەکانی ئەو لایەنانە ببیستێت".

داواش دەکات هاووڵاتیان لەو چەند رۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشدارییەکی بونیاتنەرانەیان هەبێت.
 
ئەو دیپلۆماتکارە بەریتانییە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێ: "دڵخۆشم کە لێرە دەبم هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەکەم، کاتێکی زۆرباشە بۆ خەڵک روانگەی خۆیان بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.

هەروەها سیاسەتە جیاوازەکانی هەموو لایەنەکانیش ببیستن.

هیوادارم هەمووان بەشێوەیەکی بونیاتنەرانە بەشداری لەو چەند رۆژەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن کە ماوە، بۆ ئەوەی بەئاگاییەوە بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدەن."
 
سەبارەت بە دەستبەکاربوونیشی لە هەرێمی کوردستان، شارلێت نیکسن گوتی: "دڵخۆشم لەم ساتە نایابەدا بگەمە هەرێمی کوردستان.

بەدرێژایی ژیانی پیشەییم، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخساوە، ئەرکی جیاوازم هەبێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

لەنێویشیان لە سۆماڵ، مۆریتانیا و سعودیە.

چاویشم لەوەیە لەنزیکەوە شارەزای هەرێمی کوردستانی عێراق بم و هاوبەشییەکی بەهێزتر لێرە دروست بکەین."
 
بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی ئەیلوول دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

رۆژی 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت و 20ی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

-Rudaw



PM:02:10:10/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌