ماوەی زیندانیکردنی نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی کەمکرایەوە




ئەو دوو ڕۆژنامەنوسەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە، ماوەی زیندانیکردنیان کەمکرایەوە.

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی، کە ساڵێک لەمەوبەر بە 12 بۆ 13 ساڵ زیندانیکردن سزادران، پێنج ساڵ ماوەی زیندانیکردنیان کەمکرایەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەوان لە تۆمەتی کارکردن بۆ ئەمەریکا لە دادگای تێهەڵچوونەوە بێتاوان دەرچوون.

 نیلوفەر حەمیدی ڕۆژنامەنوس بوو لە ڕۆژنامەی (ئەلشرق)، ئیلاهە محەمەدیش لە ڕۆژنامەی (هەم میهەن) ڕۆژنامەنوس بوو، وێنەی بێهۆشبوون و هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە و دواتر دەستگیرکران و ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشەوە لە تاران سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە جگەلە تۆمەتبارکردنیان بە "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هاوکات بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ئەمەریکا" دادگایی کراون و سزایان بەسەردا سەپێندرا.

ژینا ئەمینی کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقز بوو، 13-9-2022 لەناو تاران بەتۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستگیرکرا، پاشان لە ڕوداوێکی گوماناویدا باری تەندروستی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا.

گیانلەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتیی فراوانی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023 لێکەوتەوە، کە لەدوای شۆڕشی 1979 بە گەورەترین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دادەنرێت لە ئێراندا.

-Sbey



PM:03:21:13/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌