رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان: کەناڵ8 باشترین رووماڵى بانگەشەى هەڵبژاردنى کرد




سەرۆکى رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، رایگەیاند، باشترین رووماڵی میدیایی و هاوسەنگیی بانگەشەی هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن کەناڵ8ـەوە ئەنجامدرا.

هۆزان قادر، سەرۆکى رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بەکەناڵ8ـی راگەیاند، "رێکخراوى پەیامنێران بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق پرۆژەى سەکۆى پەیامنێرانی دانا کە تێیدا زیاتر لە 180 پەیامنێر لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان رووماڵى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەکەن".

گوتیشى، "ئامانجیان لەو پرۆژەیە ئەوەیە پەیامنێرەکان لەکاتى رووماڵکردندا هەر پێشێلکارییەکیان بینى، راستەوخۆ بۆ ئەوانى بنێرن و ئەوانیش پێشێلکارییەکان دەکەن بە راپۆرتێک و ئاراستەى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کونسوڵى وڵاتان و یۆنامى دەکەن".

لەبارەى دۆخى رۆژنامەوانان لەکاتی بانگەشەى هەڵبژاردندا، سەرۆکى رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان گوتى، "بەگشتى رۆژنامەوانان رووماڵێکى باشیانکرد، بەڵام لە شارى دهۆک پێشێلکارییەکیان تۆمارکردووە کە تێیدا هێرشکراوەتەسەر تیمێکى رۆژنامەوانى و رۆژنامەوانەکە بریندارکراوە".

لەبارەى رووماڵى میدیا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنیش ئاماژەى بەوەکرد، "هەر میدیایەک بەگوێرەى سیاسەتى خۆى کاریکردووە، بەڵام ئەگەر بۆ مێژوو قسە بکرێت، کەناڵ8 تاکە کەناڵى میدیایى بووە توانیویەتى بێ جیاوازى، سەرجەم رەنگ و دەنگى حیزب و لیستە سەربەخۆکان بگوازێتەوە کە ئەوە دەستکەوتێکى مێژووییە بۆ کەناڵ8".

-Channel8



AM:10:23:17/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌