خانمە رۆژنامەڤانێك لەبەرئەوەی گوتی "گولەن بە بەهەشت شادبێت" دادگەیی دەکرێت




لە پارێزگای بورسا ـی تورکیا خانمە رۆژنامەڤانێك لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی فەتحوڵڵا گولەن گوتی، "بە بەهەشت شاد بێت"، لەسەر ئەو گوتەیە دەستبەسەرکرا و بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر دادگەیی دەکرێت. 
 
ئایسن کۆمیتگان، کە ژنە رۆژنامەڤانێکی تورکە، دوێنێ (دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم) دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری گولەنییەکان، لەو کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە خۆجێیە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەبەهەشت شاد بێت".

بەو هۆیەوە داواکاری گشتیی بورسا بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر" لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد. 
 
هەمان رۆژ ئەو رۆژنامەڤانە بۆ وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 22ـی تشرینی یەکەم) بدرێتە دادگە. 
 
ماڵپەڕی هەرکوڵ کە بە نزیک لە گولەنییەکان ناسراوە، دوێنێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند 20ـی ئۆکتۆبەر باری تەندروستیی فەتحوڵڵا گولەن باش نەبووە؛ هەربۆیە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە، "بەڕێز فەتحوڵڵا گولەن کە لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا خزمەتی ئیسلام و مرۆڤایەتیی دەکرد، کاژێر 21:20 خولەکی شەوی یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆچی دواییکرد."
 
هاکان فیدان، وزەیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانیشەوە ئەو هەواڵەی لەلایەن ماڵپەڕە نزیکەکانی خۆی سەبارەت بە کۆچی دوایی فەتحوڵڵا گولەن بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستکراوەتەوە. فیدان گوتی "دەوڵەتەکەمان بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن دژی ئەم رێکخراوە." 
 
لەلایەکی دیکەوە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "شەڕی ئەم رێکخراوە کە کێشەی ئاسایشی نیشتمانی دژ بە وڵاتەکەمان دروست دەکات، تەنیا بە سەرۆکی رێکخراوەکە سنووردار نییە، بەڵکو بە هەموو توخم و درێژکراوەکانی بەردەوام دەبێت." 
 
فەتحوڵڵا گولەن لە 21ـی ئاداری 1999 بە پاساوی هەبوونی کێشەی تەندروستی چووە ئەمریکا و هەر لەوێ مایەوە. 
 
حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی خزمەت یان گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەممووزی 2016 تۆمەتباریان دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
 
لە تورکیا لەدوای هەوڵی کودەتا شکخستخواردووەکەی 15ـی تەممووزی 2016 ـەوە هەزاران فەرماندە، سەرباز، دادوەر و داواکاری گشتی بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ گولەنییەکان هەبووە، خرانە زیندانەوە یان لەسەر کار لادراون و دوورخراونەتەوە. 

-Rudaw


PM:03:08:22/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌