سەرژمێرى لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەگوێرەى تۆمارى 1957 چۆن دەکرێت؟




کارتى نیشتمانى و فۆڕمى خۆراک، دوو بەڵگەنامەى پێویستن بۆ سەلماندنى ئەوەى خێزانەکان خەڵکى رەسەنى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و واریسی ئەوانەن کە لە تۆمارى سەرژمێریى 1957 ناویان هەبووە، کە دواتر لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە وردبینیى تێدا دەکرێت.
 
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستوور بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو کەسانەى کە سەرژمێریى ناوچە کوردستانییەکان بەگوێرەى تۆمارى 1957 دەیانگرێتەوە، خەڵکى رەسەنى ئەو ناوچانەن، ئەوانەن کە واریسى ئەو خێزانانەن لەو تۆمارەدا ناویان هەبووە."
 
5ى تشرینى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى زانیارییەکانى تایبەت بە تۆمارى سەرژمێریی بەراورد بکەن، لەوانە؛ تۆمارى سەرژمێرى ساڵى 1957 لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کە بۆ ناوچە کوردستانییەکان پشتى پێ دەبەسترێت.
 
کاکەڕەش سدیق گوتى، "دواى سەرژمێرى، وەزارەتى ناوخۆى عێراق وردبینى لە بەڵگەنامەى خێزانەکانى ناوچە کوردستانییەکان دەکات تاوەکو بزانرێت کێ لە تۆمارى 1957 بووە."
 
سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان دواى 37 ساڵ، بۆ یەکەمجار لە هەرێمى کوردستان و عێراق پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەم تیمەکانى سەرژمێرى سەردانى خێزانەکان دەکەن.
 
بۆ ناوچە کوردستانییەکان سەرژمێرى لەلایەن تیمێکى هاوبەشى کورد - عەرەب - تورکمان دەکرێت، لەو شوێنانەش کە کریستیانى تێدا دەژین، کەسێکیان وەکو نوێنەرى ئەو پێکهاتەیە بۆ تیمە هاوبەشەکە زیاد دەکرێت.
 
ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:کارتى نیشتمانى و کۆبۆنى خۆراک بەڵگەنامەى پێویستن کە دەبێت خێزانەکان بیدەنە بژمێرەکان لە رۆژى سەرژمێرى بۆ سەلماندنى ئەوەى تۆمارى 1957 ناویان هەیە و جگە لەوانەى ناویان لەو تۆمارەدا هەیە، لە سەرژمێریدا بە خەڵکى رەسەنى کەرکووک هەژمار ناکرێن."
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ سەرژمێرى ناوچە کوردستانییەکان ئەوەیە هەردوو دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان و عێراق زانیارییەکانى تۆمارى وەزارەتەکانى بازرگانى،کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەو ناوچانە بەراورد بکەن.




سەرچاوە/ ڕووداو



AM:11:03:18/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌