قۆناغی چەسپاندنی داتا و زانیاریی دانیشتووان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستیپێکرد




ئەمڕۆ 20ـى تشرینى دووەم، قۆناغی چەسپاندنی داتا و زانیاریی دانیشتووان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستیپێکرد و بەهۆى پرۆسەکەشەوە قەدەغەى هاتوچۆ لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە قۆناغی چەسپاندنی داتا و زانیاریی دانیشتووان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستیپێکرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت و وابڕیارە لەو دوو رۆژەدا سەرجەم ئەو داتا و زانیارییانەی پێشتر لەلایەن بژمێرەکانەوە تۆمارکراون چێکی کۆتایی بکرێنەوە و بچەسپێندرێن.

بەگوێرەى کۆنووسى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئەمنیی تایبەت بەسەرژمێرى پێویستە قەدەغەى هاتوچۆى سنوردار لەنێوان پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان جێبەجێبکرێت، تەنها رێگا بە هاتوچۆى تیمە فریاگوزارییەکان و تیمەکانى سەرژمێرى و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى کۆمپانیاکانى گەیاندن و نەوت و رۆژنامەنوسان دەدرێت.

لەبڕیارەکانى لیژنەى باڵاى ئەمنیی تایبەت بەسەرژمێرى باسلەوەشکراوە، دامودەزگاکانى کەرتى گشتى و تایبەت بەشێوەیەکى سنووردار رێگە بەهاتوچۆکردنیان دەدرێت، کەسانى بیانى و نێردە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەى هاتوچۆ نایانگرێتەوە، فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانیی کراوە دەبن.

بڕیارى جێبەجێکردنى قەدەغەى هاتوچۆ لە کاتژمێر 12ـى شەوى رابردوو دەستیپێکردووە و بۆ ماوەى 48 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.''


سەرچاوە/ کەناڵ ٨ 


AM:11:06:20/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌