تۆڕی هەواڵیی BBC لیستی ئەو ژنانەی بڵاوکردەوە کە ساڵی 2024 بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام و کاریگەرییان هەبووە. لە لیستەکەدا 100 ژن هەن کە دووانیان کوردن.
هەر یەکە لە نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدیی چالاکڤان و خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ژینا مودەڕیس گۆرجی، چالاکڤان و رۆژنامەڤانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لیستەکەدان.
نادیە موراد کە خاوەن خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، ئێستا داکۆکیکارێکی سەرەکییە لە مافی ئەو ژنانەی کە رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە.
تۆڕی بی بی سی لەبارەی نادیە مورادەوە نووسیویانە:
نادیە موراد ساڵی 2014 لە کاتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە رفێندرا، مامەڵەی کۆیلەی لەگەڵدا کرا و بە زۆر دەستدرێژیی کرابووە سەر.
نادیە موراد کە دوای سێ مانگ توانی لە دەست ئەو گرووپە تووندئاژۆیە رابکات و رزگاری بوو، بە شێوەیەکی بوێرانە و بێ ترس باسی لەو ستەم و دەستدرێژییانە کرد کە لەو ماوەیەدا دژی کرابوون.
ئەو چیرۆکی پڕ لە تۆقین و مەینەتیی خۆی بە جیهان راگەیاند و لە ماوەیەکی کورتدا دەنگی خۆی گەیاندە پلاتفۆرم و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. بەجۆرێک بە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی زانرا.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی، نادیە موراد هێشتا وەکو سیمبولی داکۆکیکردن لە مافی ژنان دەبینرێت.
ژینا مودەڕیس گورجی
چالاکڤان و رۆژنامەڤانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی 2019 رێکخراوی ژیڤانۆی ژنانی دامەزراند. ئەو رێکخراوە لەڕێگەی پەروەردە، چالاکی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتییەوە داکۆکی لە مافی ژنان دەکات و بەرەنگاری تووندوتیژیی دژی ژنان دەبێتەوە.
ژینا مودەڕیس لە دەستپێکی چالاکی و جووڵانەوەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) کە داکۆکیکردن بوو لە مافی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا، دوو جار دەستبەسەر کراوە.
ژینا مودەڕیس بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە لە دژی رژێم' دادگەیی کرا و سزای 21 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا. دواتر سزاکەی بۆ 2 ساڵ و 4 مانگ دابەزێندرا و ئێستا لە گرتووخانەیە.
هاوکات ژینا مودەڕیس ئەندامی کەمپەینی کۆکردنەوەی ملیۆنێک واژۆ بوو بۆ ریفۆرمی یاسای دژی ژنان. ئەو ژنە چالاکڤانە کوردە هاوکات نموونەیەکی تایبەتە بۆ ژنانی کورد.
لەو لیستەی BBC چەندین ژنی دیکەی وڵاتانی جیهان هەن کە کەسایەتیی ناسراو و ستەمدیدەن و نموونەی داکۆکیکردنن لە مافەکانیان. تۆڕەکە دەڵێت، لیستەکەیان تایبەتە بەو ژنانەی کە لە رێگەی خۆڕاگرییانەوە داوای گۆڕانکاری دەکەن لە کاتێکدا جیهانی دەوروبەریان دەگۆڕێت.
-Rudaw