شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.
بەگوێرەى نووسراوێک، کە 16ـی کانوونى یەکەمى 2024 کۆمپانیاى گازى باکوور دەریکردووە، 6 بەرپرس و کارمەندى ئەو کۆمپانیایە کە سەرجەمیان کوردن، بە ئاگادارکردنەوە سزاداوە، بەهۆی ئەوەی لایک و ئیمۆجیی سەرسوڕمانیان بۆ پۆستێکی فەیسبووک کردووە.
ئەو کەسانەى ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەرچووە، تێبینەر و کیمیاگەر و سەرۆکى دەستەى ئەندازیاریین.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە؛ بە پشتبەستن بە فەرمانێکى وەزارەتى نەوت کە لە 3ـی ئەیلوولى 2024 دەریکردووە، ئەو ئاگادارکردنەوەیەیان بۆ دەرکراوە.
ئەو ئاگادارکردنەوەیە وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بەهۆى ئەوە بووە کاردانەوەتان هەبووە لە رێگەى ناردنى ئیمۆجیی سەرسوڕمان و لایک لە بڵاوکراوەیەکی بێڕێزیکاری مەسعود زەنگەنە، کە هاندانى تێدایە لەدژى ئیدارەى کۆمپانیاکە و یانە وەرزشییەکەى."
رووداو، پەیوەندى بەو پەیجەى تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە کرد کە بەناوى مەسعود زەنگەنەوەیە و ئەو فەرمانبەر و بەرپرسانەى کۆمپانیاى نەوتى باکوور لەسەرى سزادراون.
مەسعود زەنگەنە بە رووداوى گوت "ئەو سزایانە لەسەر نووسینێک بوون لەبارەى ئیفادى بەرپرسانى کۆمپانیاى گازى باکوور."
بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو کە لە کۆمپانیاى گازى باکوور دەستى کەوتوو، ئەو نووسینە بەر لە سێ مانگ بڵاوکراوەتەوە و لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەسانە پێکهاتووە، کە ئەو لایکانەیان کردووە.
یەکێک لەو کەسانەى سزادراوە و ئامادە نەبوو ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئێمە لایک و ئیمۆجیی سەرسوڕمانمان لەسەر نووسینەکەى ئەو پەیجە نەکردبوو، بەڵکو یەکێک لە هاوکارانمان ئایەتێکى قورئانى لە کۆمێنتى ئەو بڵاوکراوەیە نووسیبوو، ئێمە لایکمان بۆ ئەو ئایەتە کردووە، نەوەک بۆ نووسینەکە."
محەممەد سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەرى بەشى پڕۆژەکان لە کۆمپانیاى گازى باکوور، کە ئەویش کوردە، ئایەتەکەى قورئانى لەسەر پۆستەکەی مەسعود زەنگەنە داناوە. ئەویش سزای کارگێڕی دراوە.
بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، کۆمپانیاى گازى باکوور، لەسەر ئەو کۆمێنتە محەممەد سەعدوڵڵاى بە سەرنجڕاکێشان سزاداوە، بەپێى نووسراوەکە ئەو سزایە لەسەر بنەماى ئەنجامى کاری لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بووە کە لەسەرى پێکهێنراوە.
سەرچاوە/ ڕووداو