ئەدۆنیس: دەبێت گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەدا بکرێت بە تەنیا گۆڕینی رژێمی سیاسیی بەس نییە



شاعیری سوریی ئەدۆنیس، پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە فەڕەنساوە داوای گۆڕانکاریی کرد لە کۆمەڵگەکەیدا و وتی بەتەنیا هەر گۆڕانکاریی سیاسیی بەس نییە. ئەدۆنیسی 94 ساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە پاریس بەرلە وەرگرتنی خەڵاتێکی ئەدەبیی وتی: «سەرەتا دەمەوێت بڵێم لە ساڵی 1956 ـەوە سوریام بەجێ هێشتووە، لەبەرئەوە ئەگەر بە قووڵیی بدوێین من سوریا ناناسم» هەروەها وتی «هەمیشە دژبووم، دژی ئەو رژێمەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کەوت، کاتێک چەکدارانی موعارەزە چوونە ناو دیمەشق پاش هەڵاتنی ئەسەد بۆ مۆسکۆ. بەمجۆرە ساڵانی حوکمڕانییەکەی ئەسەد کە 24 ساڵی خایاند کۆتایی پێهات کە لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا لە ساڵی 2011 -ەوە شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەر هەبووە». لە کۆنگرەکەدا ئەدۆنیس پرسیی: «حەقیقەتی ئەو گۆڕانکارییەی ئێستای سوریا چییە؟ ئەوانەی چوونەتە جێگەی ئەسەد، چی دەکەن، بابەتەکە بە تەنیا هەر گۆڕینی رژێم نییە بەڵکو گۆڕینی کۆمەڵگەیە»، ئەدۆنیس ئاماژەی بەوەیش کرد: « ئەو گۆڕانکارییانەی پێویستە بکرێن بریتین لە رزگار کردنی ژنان، بنیاتنانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ماف و ئازادییەکان و کرانەوە و سەربەخۆیی ناوخۆ» ئەدۆنیس وتیشیی:«عەرەب ناتوانێت کۆمەڵگە بگۆڕێت بەڵکو رژێم و دەسەڵات دەگۆڕن، ئەگەر کۆمەڵگە نەگۆڕین هیچ بەدەست ناهێنین، گۆڕینی رژێمێک بە رژێمێکی دیکە بابەتێکی رووکەشە»
 ئەم شاعیرە بەناوبانگە وتەکانی لە پەراوێزی وەرگرتنی خاڵاتێکدا پێشکەش کرد، بۆ رێزلێنان بوو لە سەرجەم بەرهەمەکانی بە هەردوو زمانی عەرەبیی و فەرەنسیی. ئەدۆنیس خەڵاتی جون مارگرێتی نێودەوڵەتیی بۆ شیعر وەرگرت  کە پەیمانگەی سرفانتس دەیبەخشێت و ناوی شاعیرێکی هەڵگرتووە بە کەتەلۆنیی و ئیسپانیی شیعری نوسیووە.


سەرچاوە/ کوردستانی نوێ



AM:11:01:30/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌