نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 2024دا ژمارەی پەنابەران 122 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە



کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لە 2024دا ژمارەی پەنابەران 122 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

پیتەر ڕۆنچتروت پاور، بەڕێوبەری نیشتمانی کۆمیسیۆنەکە لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ژمارەکان تاسێنەرن. بەڵام لە پشت هەموو ئەو ژمارانەوە مرۆڤێک هەیە، کە هیوای ئەوەیە بگاتە سەلامەتی و داهاتوویەکی باشتر. ئەرکی هاوبەشمان ئەوەیە پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانە دابین بکەین و ڕێگەی گەیشتن بە ئاسۆیان بۆ دەستەبەر بکەین.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیۆنەکە لە ئەڵمانیا لە 2023دا ژمارەی پەنابەران 117 ملیۆن و 400 هەزار کەس بووە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە هەڵکشاوە.

هۆکاری هەڵکشانی ئاماری پەنابەران دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی سودان، کە بە هۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتان کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە نیسانی 2023ەوە 11 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە سودان ئاوارە و دەربەدەر بوونە.

هەروەها قەیرانی کۆنگۆی دیموکراتیش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی هەڵشکانی ژمارەی پەنابەران.

سەرەڕای ئەوانە، هەریەک لە شەڕی غەززە و لوبنان، کە بە هۆیانەوە نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون هۆکارێکی دیکەی هەڵشکانی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانە.


سەرچاوە/ سبەی



AM:11:02:30/12/2024




ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌