میترۆ، سبهی
سەنتەری میترۆ بڵاوی کردەوە، تەنها ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان کراوە، پشکی شێر بە رۆژنامەنووسان نێر کەوتووە و 90%ی پێشێلکارییەکانیان بەردەکەوێت.
ئەمڕۆ شەممە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە رۆژنامەنووسان راپۆرتی ساڵانەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سێ رۆژنامەنووسی کورد لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بە درۆن کوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە و 103 رێگریی لە رۆژنامەنووسان و 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان بەبێ بڕیاری دادگای تۆمارکراون.
لە راپۆرتەکەی میترۆدا هاتووە: ساڵی 2024، شەش هێرشی ئەلیکترۆنی و 17 زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دوو حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسان تۆماکراون.
بەپێ راپۆرتەکەی سەنتەری میترۆبێت 90%ی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی نێر و 10% بەرامبەر رۆژنامەنوسانی مێ تۆمارکراون.
هەروەها بەراورد بە ساڵی 2023 کە 231 پێشێلکاریی لەو ساڵەدا تۆمارکرابوو، پێشێلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان بە رێژەی 22% کەمیکردووە.
لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ نوسیویەتی: زیادبوونی فشارەکان لەسەر پیشەی رۆژنامەگەریی بەردەوامن، حکومەتی هەرێم رۆڵی خۆی نەبینیووە لە دابینکردنی چوارچێوەی گونجاو بۆ گەرەنتیکردنی ئازادی رۆژنامەگەریی راستەقینە و مافی هاوڵاتیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی متمانەپێکراو و سەربەخۆ.