میترۆ، پهرهگراف
بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٨٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ١٧٦ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پێشێلکارییەکان ٢٧% کەمی کردووە. هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە پێشێلکارییەکان ڕوو لە دابەزینن، بەڵام هێشتا توندووتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ئاستێکی بەرزدایە و لە ٢٠٢٤دا سێ حاڵەتی کوشتن و دەیان حاڵەتی ڕێگری و لێدان و هەڕەشە تۆمار کراون.
ئەمڕۆ ١٨-٠١-٢٠٢٥، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی بڵاو کردەوە. زۆرترین حاڵەتی پێشێلکاری "ڕێگریکردن" بووە کە " ١٠٣" حاڵەت تۆمار کراوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە حاڵەتەکانی دیکە بەمجۆرە بوون "کوشتنی ڕۆژنامەنووسان بە درۆن (لەلایەن تورکیاوە): سێ حاڵەت، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگای: ٢٤ حاڵەت، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی: ١٧ حاڵەت، شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی: دوو حاڵەت، هێرشی ئەلیکترۆنی: شەش حاڵەت".
حاڵەتێکی پێشێلکاری بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان کە هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٣ بە بەرزی ماوەتەوە، هێرش و لێدان و هەڕەشەیە، کە بەپێی ڕاپۆرتە "٢٧ حاڵەت" تۆمار کراوە، ساڵی ٢٠٢٣یش هەمان ژمارە بووە.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ساڵی ٢٠٢٢ پێشێلکارییەکان لە بەرزترین ئاستدا بوون کە "٤٣١ حاڵەت بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی" بوو، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا "٣٥٤ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی" ئەنجام دراوە. بەراورد بە ٢٠٢١، لە ٢٠٢٢ پێشێلکارییەکان ١٩% زیادی کردووە.
لە ٢٠٢٣دا جارێکی دیکە پێشێلکارییەکان ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لەو ساڵەدا "٢٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی" ئەنجام دراوە، بەوەش بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، ئامارەکە ٥٧% کەمی کردووە. لە ٢٠٢٤یشدا ئامارەکە زیاتر دابەزی، کە بوو بە "١٨٢ حاڵەت" و ٢٧% بەراورد بە ساڵی پێش خۆی کەمی کردووە.