ساڵێک بە "خەون و خەمەوە"؛ ئەو دەمەی ڕۆژنامەنوسان داری ئازادی بەخوێن ئاودەدەن




میترۆ، خه‌ندان 
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند، ساڵی ڕابردو سێ ڕۆژنامه‌نوس له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان جیاوازییان نەكردوە لە نێوان خەڵكی مەدەنی و چەكدار كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێككەوتننامەكانی جنێفه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان، له‌ ساڵی 2024دا پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار هه‌بوه‌ و لە دو هێرشی جیادا لە قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی و كەمپی مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر، سێ رۆژنامەنوس بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا تیرۆركران، (هێرۆ بەهائەدین، گوڵستان تارا، موراد میرزا).

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان جیاوازییان نەكردوە لە نێوان خەڵكی مەدەنی و چەكدار كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێككەوتننامەكانی جنێفی ساڵی (1949)یە كە دڕندەیی شەڕ سنوردار دەكات؛ ئەو كەسانە دەپارێزن كە بەشداری لە شەڕەكەدا ناكەن و كاری مەدەنی دەكەن، رۆژنامەنوسانیش لە نێو ئەو پۆڵێنەدان.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان ده‌ڵێت، "زیادبونی فشارەكان لەسەر پیشەی ڕۆژنامەگەری بەردەوامن، بەڵام ساڵی 2024 حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆیان نەبینی لە دابینكردنی چوارچێوەی گونجاو بۆ گەرەنتیكردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری راستەقینە و مافی هاوڵاتیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی متمانەپێكراو و سەربەخۆ و هەمەچەشنە".


سەنتەری میترۆ داواكاری خۆی دوبارە دەكاتەوە بۆ ژینگەیەكی میدیایی هەمەچەشن و فرەیی ڕاستەقینە، كە تێیدا دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان، ئازادانە دور لە پاوانكردنی زانیاری و ئاستەنگ بۆ یاسای رۆژنامەگەری كاری خۆیان بكەن. 

راسپاردەكانی سەنتەری میترۆ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان
یه‌كه‌م: پێداچونەوە بە بڕیارە دادوەرییەكان كە ئازادی ڕۆژنامەنوسان زەوت دەكەن، نمونەی كەیسی شێروان شێروانی و قارەمان شوكری و سلێمان ئەحمەد. 

دوه‌م: كاركردن بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە ڕێگەی كاراكردنی یاساكانی كاری رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.

سێیه‌م: ئەنجومەنی وەزیران بەربگرێت بە دەركردنی فەرمان و رینمایی كە پێچەوانەی بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین نمونەی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 ی وەزراەتی رۆشنبیری كە ئەنجومەنی وەزیران رایگرت و هەڵیوەشاندەوە.

چواره‌م: رەچاوكردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت و سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان.

پێنجه‌م: كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسككردنەوەی جوڵەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر سنورەكان كە مەترسییان بۆ سەر تیمەكانی میدیا نییە.

شه‌شه‌م: دانانی میكانیزمێكی نیشتمانی هەمیشەیی و سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.

حه‌وته‌م: دەركردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی هەمو ئەو فەرمان رێنمایی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادی زانیاری. 

هه‌شته‌م: كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبون لە سزا لەهەر جۆر توندوتیژییەك بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەوەش بە پلانیێكی كاركردنی ڕون بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەو دەزگای ئاسایشی هەرێم.

نۆیه‌م: فەرمانی مانەوەی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن، تەنها پۆلیس بۆی هەبێت لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بكات. 

ده‌یه‌م: كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی، هێرشی ئەلیكترۆنی، ناوزڕاندنی رۆژنامەنوسان، لەكاتی كاركردنیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی، یان رەخنە گرتن.



PM:09:44:20/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌