ئەمرۆ پێنجشەممە 30ـی 1ـی 2025، دادگای دهۆک بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنووس و چالاکوان دەرکرد و "بۆ بنکەی چاکسازی 'زرکا'ـیان گواستووەتەوە."
ئامەد پیران، نوێنەری خانەوادەی دەستگیرکراوانی بادینان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، دەستگیرکردن و سزادانی ئومێد بەرۆشکی بە "تەواوی سیاسییە و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، ئەگینا دەتوانرا لە بری زیندانی کردن، بە سزای دارایی کەیسەکەی چارەسەر بکرێت."
ئامەد پیران دەڵێت: "دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووس و چالاکوانانە بە فەرمانی مەسرور بارزانی ئەنجام دەدرێن و هیچ بابەتێکی دیکە نییە. ئەوان دهۆک وەک شوێنێکی قەدەغەکراو (موحەڕەمە) دەبینن و هەر کەسێک لێرە قسە بکات دەستگیری دەکەن."
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەوەی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئومێد بەرۆشکی لە پۆستێکی فەیسبووکدا نوسیبووی و داوای کردبوو کە، چارەنووسی مەلا نەزیر ئاشکرا بکرێت و بە نادیاری نەمێنێتەوە کە ناوبراو رۆژنامەنووس بووە و لەگەڵ زیندانیانی بادیناندا بووە." دەشڵێت، "تەنها لەبەر ئەم هۆکارە داوای لەسەر تۆمارکراوە و پاش چەند دانیشتنێکی دادگا، ئەمرۆ پێنجشەممە دادگای دهۆک بڕیاری شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند و دەستگیرکرا."
پێشتریش لە رۆژی 22ـی 2ـی 2024، ئەیهان سەعید، چالاکوانی مافی مرۆڤ رایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی دهۆک لەسەر سکاڵایەک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوونەتە سەر ماڵی رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی، دەستگیریان کردووە و بۆ بنکەی چاکسازی 'زرکا'ـیان گواستووەتەوە.
دەستگیرکردنەکە دەگەرێتەوە بۆ ئەوکاتەی، رۆژی 23ـی مانگی 1ـی 2024،، چاکسازیی گەوران بەتۆمەتی ناوزڕاندن لە شاری دهۆک، سکاڵای لەسەر ئومێد بەرۆشکی تۆمارکرد.
کاتی دەستگیرکردنەکەی، ئەیهان سەعید باسی لەوەشکرد، دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی نایاساییە و هیچ ناوزڕاندنێکی نەکردووە، چونکە هەواڵی رفاندنی مەلا نەزیر راستە و کەسوکاریشی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.
رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە دەستگیرکراوانى بادینان، لە ساڵی 2021 و لەگەڵ زیاتر لە 90 چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دیکەی بادیناندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. پاشان لە 22ـی شوباتی ساڵی 2022 ئازادکرا، جارێكی دیکەش لە 20ـی تەمووزی 2023 دەستگیرکرایەوە.