رۆژی زمانی دایک.. مێژوویەکی کولتووریی نووسراو بە خوێن



حەسەن فەلاح


رێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە یۆنسکۆ، رێکەوتی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی، بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریکردووە، تاوەکو سەرنج بخرێتە سەر، رۆڵی زمانەکان، لە گواستنەوەی زانست و پێشخستنی فرەزمانەوانیی و کولتووری جیهان.

بۆچی 21ی شوبات؟

هەڵبژاردنی رۆژی 21ی شوبات بە رۆژی زمانی دایک، سیمبولێکە بۆ ئەو رۆژەی، کە تیایدا پۆلیسی داکا، ساڵی 1948، لە پایتەختی وڵاتی بەنگلادیش، بەرەنگاری کۆمەڵێک قوتابیی خۆپیشاندەر بوونەوە، کە لەپێناو داننان بە زمانی دایكیان، کە زمانی بەنگالی بوو، وەك زمانێکی فەرمی پاکستان، لە هەردوو بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەوکاتەی وڵاتەکەدا، کوژران.

دامەزرێنەری کۆماری پاکستان، محەمەد عەلی جەناح، پاش ئەوەی رایگەیاند، زمانی "ئوردوو"، دەبێت بە تاکە زمانی نیشتیمانیی پاکستان و لە سەرتاسەری وڵاتدا دەبێت بەکاربهێندرێت، نیگەرانیی نەتەوەکانی دیکەی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.

چینە مامناوەندە دژبەرەکانی پاکستانی رۆژهەڵات (کە دەکاتە بەنگلادیشی ئێستا)، بڕیاریاندا راپەڕن و بە "بزووتنەوەی زمانەوانیی بەنگالی" ناسران، لەو کاتەدا، قوتابییەکان، دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە، پۆلیس، لەپێناو رێگریکردن، پێنج لەو قوتابییە بەنگالییانەی، لە نزیک کۆلێژی پزیشکی شاری داکا، رێکەوتی 21ی شوبات، کوشت.

پاش درێژەکێشانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، زۆرینەی هەرێمە بەنگالییەکانیان گرتەوە، حکومەتی ناوەندی، ناچار بوو دان بە زمانی بەنگالییدا بنێت و رێگە بدات هاوشانی زمانی ئوردوو، لە پاکستاندا بەکاربهێندرێت.

هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان

پاش تێپەڕینی ساڵانێک بەسەر ئەم رووداوانە، بە پێشنیازی وڵاتی بەنگلادیش، یۆنسکۆ، بە رەزامەندی 28 وڵاتی بەشداربوو لە کۆنفرانسی گشتی خۆیدا، مانگی تشرینی دووەمی 1999، بڕیاریدا لەسەر، دیاریکردنی رێکەوتی 21ی شوبات، بە ناوی "رۆژی جیهانیی زمانی دایک" و ماوەی 21 ساڵە، ساڵانە ئەم یادە لە سەرانسەری جیهاندا دەکرێتەوە.

رێکخراوی یۆنسکۆ، لەم رۆژەدا، خەڵات بە زمانەوان، توێژەران، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبەخشێت، بەرامبەر بەو کارانەی لە بواری فرەچەشنی زمانەوانیی و پەروەردەی فرە زمانی ئەنجامیان دەدەن، ماوەی 19 ساڵە، یونسکۆ، ئەم خەڵاتانە دابەشدەکات، تاوەکو ئێستا، چەندین کەسایەتی، خەڵاتەکەیان بردووەتەوە، بەمەش، گرنگیدان بە زمانی دایک زیاتر بووە و لە ئاستی فێربوون و کولتووردا، گرنگییەکی زیاتری پێدەدرێت.

بەگوێرەی یۆنسکۆ، زمانەکان بەهێزترین ئامڕازن بۆ پاراستن و پەرەدان بە کولتوور و دابونەریتی گەلان، چونکە زمان، ئەو دەفرەیە کە میرات، کولتوور، دابونەریتی گەلێک دەگوازێتەوە و لەڕێگەیەوە ناسنامەی نیشان دەدات.

ئەم رێکخراوە، لە رێگەی تەرخانکردنی رۆژێکی جیهانی، بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان بۆ زمانی دایک، هەوڵدەدات چەند ئامانجێك بپێکێت، لەوانە:

- نیشاندانی گرنگیی هەمەچەشنی زمان لە جیهاندا، لە سەردەمێکدا کە دیاردەی جیهانگیری زاڵە.

- پاراستنی پێکهاتەکانی ناسنامەی گەلانی زەوی کە دیارترینیان زمانە.

- زیادکردن و پێشخستنی فرەچەشنی زمانەوانیی و کولتووری.



سەرچاوە/ کەناڵ 8



PM:10:03:21/02/2025




ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌