سێیەم خەڵاتی یەکسانی دەدرێتە بەهار مونزیر



خەڵاتی یەکسانی بۆ ئەمساڵ کە سێیەم ساڵیەتی، بە 'بەهار مونزیر' چالاکی ژنان دەبەخشرێت.

تۆڕی هەشتی مارس براوەی خەڵاتی یەکسانی بۆ ئەمساڵ راگەیاند و دەڵێت: لە رۆژی (٨ـی ئازار) کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی ژنان، خەڵاتەکە بە بەهار مونزیر چالاکی ژنان دەبەخشین.

لەبارەی پێدانی خەڵاتەکە بەو خانمە چالاکە، تۆڕەکە دەڵێت: بەهار مونزیر، رۆڵی هەبوە لەبزوتنەوەی یەکسانیخوازی، ئەمەش سەرباری بونی بەربەست و ئاستەنگییەکان، هەروەک توانیویەتی بەردەوامبێت لەخەبات و هەوڵدان لەپێناو بەرەو پێشچونی هزری یەکسانی.

خەڵاتی یەکسانی، بۆ سێیەم ساڵە لەلایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی شاری سلێمانیەوە دابەشدەکرێت. وەکخۆیان دەڵێن: خەڵاتەکە ساڵانە دەبەخشنە داکۆکیکارێك کە رۆڵی هەبوبێت لە خەباتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەدا.

ساڵی یەکەم خەڵاتەکە بە خانمە نوسەر 'چۆمان هەردی' بەخشرا، خەڵاتی دوەم ساڵیش بە 'کارین مۆلدۆخ' سەرپەرشتیاری رێكخراوی هاوكاری ئەڵمانی بەخشرا.

سەرچاوە/ نەوژین



AM:10:21:06/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌