نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 25%ـی جیهاندا مافەکانی ژنان پاشەکشەیان کردووە



نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی ژنان لە جیهاندا رایگەیاند، لە 25%ـی جیهاندا مافەکانی ژنان پاشەکشەى کردووە و ژیریى دەستکردیش کاریگەرى لەسەر جیاوازى جێندەریى هەبووە.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، لاوازبوونی دامەزراوە دیموکراسییەکان هۆکارێک بووە بۆ پاشەکشەی یەکسانیی جێندەری، ئەوەش رێگر بووە لە جێبەجێکردنی هەنگاوی کرداری پلاتفۆرمەکەی پەکین، کە لەساڵی 1995 لە کۆنفرانسی جیهانیی تایبەت مافەکانی ژنان دەستەبەرکراوە.

باسلەوەشکراوە، هەرچەندە بە بەراورد بە سێ دەیەی رابردووە رێژەی بەشداریی ژنان لە پەرلەمانەکاندا دوو هێندە زیادیکردووە، بەڵام هێشتا پیاوان رێژەی دوو لەسەر سێی سەرجەم پەرلەمانەکانی جیهان پێکدەهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، جیاوازیی جێندەریی، لە دامەزراندن و دەرفەتی کاردا هێشتا بوونی هەیە و ژنانی تەمەن 25 بۆ 54 ساڵ بەڕێژەی 63 % دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە، لەکاتێکدا رێژەی 92%ـی پیاوان لەهەمان تەمەن دەرفەتی کاریان دەستکەوتووە.

راپۆرتەکە باسی لەهۆکارەکانی دیکەی وەک پەتای کۆرۆنا، جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، گۆڕانکاریی کەشوهەوا و دەرکەوتنی هەندێک تەکنۆلۆجیای وەک ژیریی دەستکرد رۆڵیان لە دروستبوونی جیاوازی جێندەری و لاوازکردنی مافی ژناندا هەبووە.



سەرچاوە/ کەناڵ ٨



AM:11:52:06/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌