یاسایی پاکیزەیی و حیجاب لە 70 ماددە و 38 پاشکۆ پێکهاتووە، پەرلەمان پەسەندی کردووە ئێستا لە حکومەتە پێویستی بە واژۆی سەرۆککۆمار هەیە، بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
محەمەد جەعفەر قائیم پەنا، لەپۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتى "سەرۆککۆماری ئێران پێیگوتووە، یاساکە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و ئەویش نایەوێت رووبەرووی خەڵک بوەستێت".
پێشتر شەهرام دبیری، جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاندبوو، حکومەت داوای کردووە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستتێوەردان بکات بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بەواژۆکردن لەسەر یاساکە نەکرێت.
یاساکە جگە لە ژنان مەرجى بۆ جلوبەرگى پیاوانیش داناوە، لەبەرکردنی جلوبەرگێک کە پێچەوانەی دابونەریتى گشتیی بێت و خوار سنگ تاوەکو سەروو ئەژنۆ دانەپۆشێت، سزاى لەسەرە.
لە ماددەی 49ـى ئەم یاسایەدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا، سزاى پابەند نەبوون چ پیاو بێت یان ژن، پێبژاردنى داراییە، بەجۆرێک لە 20 ملیۆن تمەنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 165 ملیۆن تمەن دەڕوات و دواتر سزای زیندانی سەرپێچیکار دەگرێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران پێشوتر رایگەیاندبوو، هەندێک خاڵی یاساکە بووەتە جێگەی پرسیار بۆى و لە رووی جێبەجێکردنەوە یاساکە ناڕوونی زۆری تێدایە، ناتوانرێت جێبەجێبکرێت، گوتیشی، نایەوێت بە واژۆکردن لەسەر یاساکە کۆمەڵگەی ئێرانی تێکبچێت.
سەرچاوە/ کەناڵ ٨