یەكەم رۆژنامەی چاپكراو لە جیهان بە تەواوی لەلایەن ژیری دەستكردەوە دەنوسرێت
" رۆژنامەیەكی ئیتاڵی بەشێوەیەكی ئەزمونی بڵاویدەكاتەوە "
ژیری دەستكرد نوسینی وتارو دانانی ناونیشان و پوختەكردن و گرنگترین كورتەی وەرگیراوی بابەتەکان هەڵدەبژێرێت
" بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ "
رۆژنامەی"ئل فۆلیۆ"ی رۆژانەی ئیتاڵیا، پەردەی لەسەر یەکەم رۆژنامەی چاپکراوی جیهانی لادا، کە بە تەواوی پشتی بە ژیری دەستکرد (AI) بەستووە، بەبێ هیچ بەشدارییەكی هەواڵنوسان.
رۆژنامەکە دەڵێت، دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەیەک كە مانگێک بەردەوام دەبێت، بۆ دەركردنی ژمارەیەکی رۆژانەی چوار لاپەڕەیی، کە بە تەواوی پشت بە ژیری دەستکرد دەبەستێت و بەبێ بەرامبەر دابەشدەکرێت، شانبەشانی چاپە نەریتیەكە كە پێكهاتووە لە (١٠)لاپەڕەو بە نرخی (١.٨٠) یۆرۆ دەفرۆشرێت.
سیستەمەکانی ژیری دەستكرد ئەركی نوسینی وتارو دانانی ناونیشان و پوختەكردن ئەنجامدەدەن و گرنگترین كورتەی وەرگیراوی بابەتەکان هەڵدەبژێرن بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ لەو رۆژنامە ئەزمونیە، کە لە ژێر ناوی "Il Folio AI" بڵاودەکرێتەوە.
تیمی سەرنوسەری رۆژنامە ئیتاڵییەکە لەبارەی بیرۆکەکەیانەوە ئاماژەیان بەوەكردووە، ئێمە تەنها پرسیار لە سیستەمی ژیری دەستكرد دەکەین، دواتر هەموو وەڵامەکان دەخوێنینەوە، ئامانجمان گواستنەوەی تەکنیکەکانی ژیری دەستكردە لە چوارچێوەیەکی تیۆریەوە بۆ بەکارهێنانی پراکتیکی لە جیهانی رۆژنامەگەریدا.
سەرچاوە/ درەو میدیا