کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا کەمیکردووە



سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆچی گەنجان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕیژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئێستا کۆچی پێچەوانە دەستیپێکردووە.

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆچی پێچەوانەی گەنجان و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەوەش بەهۆی رێکار و رێککەوتنی بەریتانیا و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە کۆچبەران و کۆچی نایاسایی، لەگەڵ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان و تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان روونیشیکردەوە، 22 کۆچبەری کورد کە 7 کەسیان خەڵکی رانیەن لە لیبیا دەستگیرکراون، لەپاش ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر لەگەڵ 62 کۆچبەری عێراقی بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا بەڕێکەوتن، بەڵام دەستبەجێ لە کەناراوەکانی لیبیا دەستگیرکران و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراون و هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئازادکردنیان و لەم هەفتەیەدا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە/ Channel 8



AM:10:08:26/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌