دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاونیشتمانییان دەتوانن لە هەرسێ پارێزگاکەوە، سەردانیان بکەن بۆ نوێکردنەوەی بایۆمەتری و دروستکردنی کارتی هەڵبژاردن بۆ لەدایکبووانی 2007، کە یەکەمجارە دەنگدەدەن.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان 173 بنکەیان هەیە بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری، کە 53ـیان لە هەولێرە و 79ـیان لە سلێمانی و هەڵەبجەن ، هەروەها لە دهۆک 41 بنکەیان هەیە و بۆ ماوەی یەک مانگ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاونیشتمانییان دەتوانن، بنکە یاخود شوێنی دەنگدانەکەیان بگۆڕن، تەنیا لە ناوچەکانی ماددەی140 (کەرکوک، موسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار) نەبێت، کە ئەو هەنگاوە ناکرێت مەگەر لە دوو حاڵەتی جیادا کە ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەکە هاوسەرەکەی لە شارێکی دیکەبێت و بەهۆی گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە گواستنەوەیان بۆ بکرێت، یاخود بەهۆی بوونی چەند ئەندامێکی خێزان لە پارێزگایەک و سەرۆکی خێزان لە پارێزگایەکی دیکە.
ئەو بەرپرسەی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی ئەوەشی خستەڕوو، هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ زیادکردن یان سڕینەوە ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران، هەروەها ئەو کەسانەشی لە هێزە ئەمنییەکانن و خانەنشینبوون یاخود بە هەڵە لە دەنگدانی تایبەت تۆمارکراون یان بە پێچەوانەوە.
روونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی لە دەنگدانی پێشوو کێشەی پەنجەمۆریان هەبوو، دەتوانن سەردانیان بکەن و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت و دووبارە پەنجە مۆریان لێوەردەگیرێتەوە.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، لەکۆتا هەڵبژاردندا، دوو ملیۆن 988 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەبووە و نازانرێت لەپاش نوێکردنەوەی پرۆسەکە چەندێک ئەو ژمارەیە زیاد دەکات.
سەرچاوە/ Channel 8