مووچە و پلەكەیان راگرت، رووبەرووی دادگای سەربازی كرا




تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و روونكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی (ئیسلام زێباری) بخاتەروو و رێگربێت لە بەلارێبردنی دۆسیەكەی.  

ئیسلام زێباری، ئەفسەری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەڵام ماوەی ساڵێكە موچەو پلەكەشی راگیراوە، گوازراوەتەوە بۆ ئومرەی وەزارەت، خاوەنی دوو بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستی سەربازی و پەیوەندییە دیبلۆماسی و نێودەوڵەتیەكان.

رۆژی یەكشەممە 6ی نیسان 2025 لەكاتی سەردانی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ئاكرێی، پێیان ووتوە فەرمانی دەستگیركردنت هەیە.
شەوی رابردوو عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی رەوتی هەڵوێست، تۆمارێكی دەنگی (ئیسلام زێباری) بڵاوكردەوە، كەتیایدا "بابەتەكە سیاسییە، چوون لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكردم لەسەر ئەو بابەتانەی كە لە ئەنتەرنێت بڵاویاندەكەمەوە لە بارەی گەندەڵی و حزبایەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، نەچووم بۆ لیژنەكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركردم "    
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە هۆكاری دەستگیركردنی كادری باڵای رەوتەكەیان (ئیسلام زێباری) بە "هەنگاوی سیاسی" و "كارێكی حزبی و دۆسیەیەكی سیاسی " دەسەڵات دژ بە رەوتەكەیان وەسفدەكات.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە" لەرابردوودا ئیسلام زێباری دەیان دۆسیەی لەسەر خراپی دۆخی پێشمەرگەو گەندەڵی لە سلكی سەربازی و بەحیزبیكردنی هێزی سەربازی بڵاوكردوەتەوە"
 دۆسییەی (ئیسلام زێباری) كە لە ماوەیەكی كەمدا موچە و پلەكەیان راگرت رووبەرووی دادگای سەربازی كرا، دەرگا بە رووی ئەو پرسیارە واڵا دەكات كە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەنها وەزارەتی پێشمەرگەكانی یەكێتی و پارتین؟
ئێمە رێز لە یاساو رێوشوێنەكانی ئینزباتی عەسكەری وەزارەت دەگرین، بەڵام ئەو پرسیارەش رەوایە  و ئەوانەی ئایدیای جیاوازیان هەیە هەمان چارەنووسی ئەویان دەبێت. 

تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و روەنكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی (ئیسلام زێباری) بخاتەروو و رێگربێت لە بەلارێبردنی دۆسیەكەی.  

لەبارەی تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.


PM:01:19:07/04/2025




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌