میترۆ
چەند رێکخراوێک دژی شەڕی میدیایی پارتی و یەکێتی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا حاکم شێخ لەتیف رایگەیاند،دەسەڵاتی دادوەری وایلێکراوە هیچ رۆڵێکی نەبێت، لە ئێستاشدا قسە هیچ سوودی نەماوە.
ئەمرۆ چوارشەممە، لە پەیامێکدا کە دژی شەری میدیایی پارتی و یەکێتی بڵاویکردەوە رایگەیاند، "لە واقیعدا شتەکان ئەوەندە ئاستیان دابەزیون کە کار لە یاسا و ئەوانە ترازاوە، وای لێهاتووە باسکردنی یاسا شتێکی نامۆیە چونکە ئەوانەی حکومرانی دەکەن بروایان بە حوکمی یاسا نیە!".
ئاماژەی بەوەش کرد، "بە داخەوە لە باتی ئەوەی بەرەو پێشەوە برۆین بەرەو دواوە دەرۆین، ئێمە خۆمان دانابەزێنینە ئەو ئاستەی کە دەزگاکانی میدیایی و دەزگا هەواڵگرییەکانی تێکەوتوون، بەڵام ناچارین ئەم وشانە بەکاربێنین".
حاکم شێخ لەتیف دەڵێت، دەزگاکانی هەواڵگری کە دەبوو دوای دەرکردنی یاسای هەواڵگری نیشتیمانی، هەواڵ لەسەر دوژمن کۆبکەنەوە، کەچی نەک هەواڵ لەسەر دوژمن کۆناکەنەوە، بەڵکو لەسەر حزبەکانی مونافس کۆیدەکەنەوە کە ئەوە تاوانە، هەروەها هاتووە هەواڵ و شتی پروپاگەندا و ئابروبەر لەسەر ئەندامەکانی خۆیان کۆدەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد،" ئێستا دەزگاکانی هەواڵگری لە بری ئەوەی ببنە دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی و هەواڵ لەسەر دوژمن کۆبکەنەوە، هاتوون ڤیدیۆ لەسەر یەکتر دەکەن، ئەمەش بە کۆیلەکردنی ئەندامەکانی خۆیانە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، "ئەوەی ئەمان کردیان بەعس نەیکرد، ئەم قسانە جوانکردنی بەعس نیە، بۆیەش دەڵێین بەعس، بۆ ئەوەی بزانن چەند ناشرینترن لە بەعس، بەداخەوە وای لێهاتووە هەدەفی دەزگا هەوالگریەکان حزبەکانە لە باتی رزگارکردنی خاکی کوردستان و چاڵە نەوتییەکان، بە دوای چاڵی یەکتردا دەگەرێن".
هاوکات دەشڵێت، "ئەم کارە ئەوپەری بێ ئابروویی و بێ شەرمییە و دژی قیەمی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتیمانیە و لە چوارچێوەری یاسادا جێگەی نابێتەوە و بەرپرسی دازگاکان تاوانبارن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حاکم شێخ لەتیف وتی، "ئەگەر دادگایاکی سەربەخۆی نیشتیمانی هەبێت، دەبێت ئەمانە بهێندرێنە بەردەمی دادگا لەبەرئەوەی هەموو رۆژێک ئەمانە تاوان دەکەن.
جەختیشی کردەوە لەوەی، " کارەکە زۆر مەترسیدارە و هەموومان موعارزین بۆ ئەوەی شتی فەیک و هەڵبەستراومان لەسەر دروست بکەن، ئەمانە سنووریان نیە، قسە زۆر کراوە و بێسوود بووە".
لە کۆتاییدا سەبارەت بە دۆخی بدەسەڵاتی دادوەری، حاکم شێخ لەتیف وتی، "دەسەڵاتی دادوەری نەیتوانیوە لە ئاست ئەم تاوانانە رۆڵی هەبێت و وای لێکراوە کە هیچ سودێکی نەبێت، هەروەها دڵنیام %90 دادوەرەکان ئەگەر سەرکردایەتییەکی باشی دادوەری هەبێت، دەتوانن رۆڵی باش بگێرن، بەڵام لە ئێستادا هێچ سنوورێکی ئایینی و نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی نەماوە و چەند کەسێک بوون بە کەڵەگا بەسەر خەڵکی و خودی حزبەکەی خۆشیانەوە. بۆیەش وتومانە بێ ئیومێدین، ئەگەر بڵێین دادگا دەتوانێ رۆڵ ببینێت چونکە ئەوان خۆیان دادگا دادەمەزرێنن".