دانا عەبدولكەریم: شەفافییەت و زانیاری مەرجی كۆمەڵگەی دیموكراسین
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بوونی شەفافییەت و پێدانی زانیاری بە هاوڵاتیان و میدیاكان بە مەرجی سەرەكی بنیاتنانی كۆمەڵگەی دیموكراسی وەسفكرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ئامانجانە دەربڕی كە میترۆ كاریان لەسەر دەكات.
قسەكانی ، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لە میانەی سەردان و كۆبوونەوەی بوو لە سەنتەری میترۆ، كە ئەمڕۆ 18ی ئابی 2024 لە ئۆفیسی سەرەكی میترۆ بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای سەردانەكە، رێكخەری سەنتەری میترۆ ، خۆشحاڵی بەسەردانەكەی دەربڕی و باسێكی كورتی لەبارەی رەوشی ئێستای میدیا لەسایەی دابەشبوونی سیاسی و هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، هەروەها میكانیزمەكانی توندوتیژی دامەزراوەی ئەمنی و مامەڵەی دامەزراوەكان لەگەڵ زانیاری و یاساكەی.
هەروەها بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ و رێكخەری تۆڕی19 ، باسیان لە گرنگترین وێستگەكانی چالاكی و چاودێریكردنی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین كرد.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، خۆشحاڵی بە دیدارەكە دەربڕی و باسی لەوەكرد كە بوونی ژیانی دیموكراسی بە ئالوگۆڕی ئازادانەی زانیاری و شەفافییەت پێكەوە گرێداوە، بۆ پێشكەوتنی هەمەلایەنە پێویستمان بە ئازادی گەیشتن و پاشان بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری هەیە بە تایبەتیش زانیارییەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی، كە لە جەوهەردا بە "زانیاری گشتی" پۆلێن كراون، تەنها ئەو كاتانە نەبێت كە هۆكاری رەوا هەبن وەك لە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری ئاماژەیان پێكراون .