جێگری كونسڵی گشتی فەرەنسا: ناسینی ئێوە بۆ من گرنگ بوو




میترۆ، سلێمانی: رودۆلف ریچارد جێگری كونسڵی گشتی فەرەنسا، رایگەیاند بەبایەخەوە دەڕوانینە مەسەلەكانی مافی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و پێدانی زانیاری، هاتووم ئاشنایی زیاترم لەسەر كارەكانتان هەبێت و ناسینی ئێوە بۆ من گرنگە.

رۆژی دووشەممە 19ی ئابی ،2024 رودۆلف ریچارد جێگری كونسڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، سەردانی سەنتەری میترۆی كرد، لەلایەن تیمی رێكخراوەكە بە گەرمی پێشوازی لێكرا.

سەرەتای دیدارەكە جێگری كونسڵی گشتی فەرەنسا، خۆشحاڵی بۆ دیدارەكە دەربڕی ووتی " هاتووم تا زیاتر ئاشنابم بەكارەكانتان لە چاودێریكردنی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان" جەختیكردەوە" حكومەتەكەم  بە گرنگییەوە دەڕوانێتە  مافەكانی مرۆڤ لە ناویاندا مافی ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاری و رادەربڕین و كاری رۆژنامەنووسان بە گرنگ دەزانێت"

لەو كۆبونەوەدا كە دوو كاتژمێری خایاند تیمی میترۆ بە جیا تیشكیان خستەسەر گرنگترین بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێنەكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و زانیاری و خۆپیشاندان، گوتاری رقوكینەی پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن، ناوزڕاندن و هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ژنە بەربژێرەكان، فەزای مەدەنی و رۆڵی رێكخراوەكان، پارەی سیاسی و رۆڵی لەبڵاوكردنەوەی گوتاری رقوكینەو رۆڵی دەسڵاتداران لە زەمینەخۆشكردن بۆ بیری توندڕەوی، پرۆژە یاساكانی  لە پەرلەمانی عێراق، دەربازبوون لەسزا و چەند بابەتێكی تر.

لە كۆتاییدا رودۆلف ریچارد جێگری كونسڵی گشتی فەرەنسا سوپاسی تیمی میترۆی كرد و بەڵێنی دا پەیوەندی و هەمئاهەنگی نێوان میترۆ و تیمی كونسڵخانە بەردەوام و بەهێزتربێت.
Consulat général de France à Erbil



PM:10:13:19/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌