ئەندرو بیزلی: دەبێت بەربژێرە ژنەكان لە هەراسانكردن پارێزراو بن




كۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر داوادەكات ئەو لەمپەرانە كە رووبەڕووی بەربژێرە ژنەكان دەبنەوە، ئەو ژنانەی بەردەوام رووبەڕووی لەكەداركردن و هەراسانكردن دەبنەوە لاببرێن، سەنتەری میترۆش پشتیوانی دەكات.

رۆژی دووشەممە 18ی ئاب لە شاری هەولێر، سێوە سیروان بەرپرسی پەیوەندییەكانی سەنتەری میترۆ بەشداری لە وۆركشۆپێكی كۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كرد.

 وۆركشۆپەكە لەبارەی رۆڵ و پاراستنی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بوو. چالاكوانی ژنان، كەسایەتی سیاسی، و هەندێ پسپۆری نێودەوڵەتی بەشدار بوون.

ئامانج لە وۆركشۆپەكە بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بەهێزكردنی رۆڵی سیاسیی ژنان و دابینكردنی ئامڕاز و ستراتیژیی كردەیی بۆ فەراهەمكردنی بواری دیجیتاڵی بۆ ژنان و بەرەنگاربوونەوەی هەراسانكردنی ئۆنڵاین لە ژدی ژنان.

ئەندرو بیزلی، كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لەبارەی وۆركشۆپەكەوە رایگەیاند: "بەریتانیا شانازی دەكات بەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق پاڵپشتی لە بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا بكات و هیوا دەخوازین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ژنان لە هەراسانكردن پارێزراو بن."

 
كۆنسووڵخانەكە دەڵێت، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەو رووداوە گرنگە ئامادە دەكات، "دەستپێشخەرییەكی نوێ بۆ چارەسەركردن و لابردنی ئەو لەمپەرانە دەسپێكراوە كە رووبەڕووی بەربژێرە ژنەكان دەبنەوە، ئەو ژنانەی بەردەوام رووبەڕووی لەكەداركردن و هەراسانكردن دەبنەوە." 

كۆنسووڵخانەكە باس لەوە دەكات، بەربژێرە ژنەكان زۆرجار لە گەشتە سیاسییەكەیاندا، رووبەڕووی بەربەستی تووند دەبنەوە. ئەو بەربەستانەش "هێرشكردنە سەر توانا و شێوازی دەركەوتنیان خۆی دەبینێتەوە. زۆربەی ئەمەش لەرێگەی پلاتفۆرمەكانی سۆشیاڵ میدیاوە ئاسانكاری بۆ دەكرێت كە تێیدا هەژمارە سێبەرەكان بەشێوەیەكی بڵاو بۆ هەراسانكردن بەكاردەهێندرێن." 
 
كۆنسووڵخانەی بەریتانیا رەخنەی ئەوە دەگرێت كە "وەڵامدانەوەی ئەم خراپ بەكارهێنانە بەپێی پێویست نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی متمانەی بەربژێرە ژنەكان. بەشێكی زۆریان هەست دەكەن ناتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر نوێنەرایەتیی كۆمەڵگاكانیان و حیزبەكانیان بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كاریگەری لە پرۆسەكانی بڕیاردان." 

لە كۆتایی چالاكییەكە سێوە سیروان دەستخۆشی لە ئەندرو بیزلی، كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كردو پشتیوانی سەنتەری میترۆی بۆ ئامانجی چالاكییەكە دەربڕی.


AM:11:34:21/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌