میترۆ : هەڵمەتەكانی ناوزڕاندنی ژنانی بەربژێر شكستخواردوون




سەنتەری میترۆ  بێزاری دەربڕی لە شێوازەكانی هەڵمەتی ناوزڕاندن و قسەی ناشرین و هەواڵی هەڵبەستراو بۆ بەربژێرە ژنەكان، جەختدەكاتەوە كە ئامادەبوونی ژنان لە فەزای گشتی بۆتە واقعێكی بەهێز ئەمەی دەكرێت هەوڵی شكستخواردووە بۆ دوورخستنەوەیان لە ژیانی سیاسی.
ئەمڕۆ 8ی ئەیلولی 2024، تیمی سەنتەری میترۆ پیشوازییان لە مامۆستای زانكۆ، د. سارا موحسین كرد.
لە كۆبونەوەكەدا د. سارا موحسین كە یەكێكە لە بەربژێرەكانی (رەوتی هەڵوێست)، باسی  لە میكانیزمەكانی توندوتیژی، هەڕەشەكردن، ناوزڕاندن، چووونە ناو ژیانی تایبەتی ژنانی بەربژێر كرد، كە تەنانەت بەرلە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان دەستییان پێكردوە،  داوایكرد "رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی و سەندیكاكان و كۆمەڵەكانی بەرگری لە مافەكانی ژنان، دژ بە هەموو جۆرێكی هەراسانكردن و ناوزڕاندنێك بە رامبەر بەربژێران بە گشتی و ژنە بەربژێرەكان بە تایبەتی، بوەستنەوە"

لە كۆبونەوەكەدا تیمی میترۆ  بێزارییان دەربڕی لە شێوازەكانی هەڵمەتی ناوزڕاندن و قسەی ناشرین و هەواڵی هەڵبەستراو بۆ بەربژێرە ژنەكان جەختیانكردەوە كە ئامادەبوونی ژنان لە فەزای گشتی بۆتە واقعێكی بەهێز، ئەمەی دەكرێت هەوڵی شكستخواردووە بۆ دوورخستنەوەیان لە ژیانی سیاسی.
 هاوڕابووین كە بەربژێری ژنی لێهاتووی بەهێز لە لیستەكانی هەڵبژاردندا هەن، پێویستە میدیاكان بێ جیاوازی تیشك بخەنە سەر بەرنامەكانیان هەروەها جەختكرایەوە كە ناوزڕاندن پڕۆسەی هەڵبژاردن تێكدەدات و پێویستە مشتومڕی سیاسی لەسەر بنەمای بەرنامەی لیست و بەربژێرەكانیان بێت بۆ ئەم مەبەستەیش چالاكی جۆراوجۆر رێكبخرێن.


PM:02:01:09/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌