ئامادەبووانی بەڕێز
ئەمڕۆ پێكەوە لێرەین بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندبوونمان بە ژینگەیەك كە ڕۆژنامەنووسان بتوانن بە سەلامەتی و ئازادانە و بەبێ ترس كاربكەن. بەرپرسیارێتی ئێمە لە ڕاپۆرتكردنی ڕاستییەكان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی كە ئایا یاسا ڕۆژنامەنووسەكانمان دەپارێزێت؟
سەنتەری میترۆ چواردەهەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا بڵاودەكاتەوە و دەیخاتە بەردەم رای گشتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە بەرپرسەكان، بە ئامانجی ڕووبەڕووی ئەو كولتوورە بێ سزایە ببینەوە كە ڕێگە بەتاوان دەدات و یاسایش بۆ سزادانیان ئامادە نەییە.
میترۆ درێژە بە رێبازی ساڵانی رابردووی خۆی دەدات لەسەر بنەمای خەبات بۆ ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی كە تیایدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانیان بتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر و سەربەخۆ و ئازاد، كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگا.
ئەم راپۆرتە شایەتی دۆخێكی تری پڕ لە ئاڵنگارییە بۆ كاری رۆژنامەنووسان: تیرۆركردنییان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هەوڵی كوشتن، هەڕەشەكردن، هێرش بۆ سەر تیمی كەناڵەكان، رێگری، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی یان زەوتكردنی، لێپێچینەوەی نادادپەوەرانە، دەستگیركردن بێ فەرمانی دادوەر، جیاكاری، پێنەدانی زانیاری، هێرش و لێدان و برنیداركردن، هێرشی ئەلیكترۆنی و پڕكردنەوەی بەڵێننامە، پەنابردن بۆ یاسای گشتی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە، نەبوونی دەرفەتی یەكسان بۆ رووماڵكردنی ئازادانە، ئەمانە بوون بەهۆی ئەوەی كە ئەمساڵیش هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی پڕ لە تەحدا بێت بۆ كاری راگەیاندنەكان.
لەناو دەزگاكانیشدا نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، كێشەكانی گرێبەستی دادپەروەرانە، خراپتربوونی حاڵەتەكانی دەركردنی رۆژنامەنووسان لەكارەكانیان و دواكەوتن یا پێنەنەدانی موچە، بەردەوام بوون.
لە ماوەی ئەمساڵدا لە پێشینەیەكی مەترسیداردا، لە دوو هێرشی جیادا لە قەزای سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی و كەمپی مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر، سێ رۆژنامەنووس بە فرۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا تیرۆركران، (هێرۆ بەهائەدین، گوڵستان تارا، موراد میرزا) فرۆكە بێفڕۆكەوانەكان جیاوازییان نەكردوە لە نێوان خەڵكی مەدەنی و چەكدار كە ئەمەش پێچەوانەی ڕێككەوتننامەكانی جنێفی ساڵی(1949)یە كە دڕندەیی شەڕ سنووردار دەكات؛ ئەو كەسانە دەپارێزن كە بەشداری لە شەڕەكەدا ناكەن و كاری مەدەنی دەكەن، رۆژنامەنووسانیش لە نێو ئەو پۆڵێنەدان.
زیادبوونی فشارەكان لەسەر پیشەی ڕۆژنامەگەری وەك لەم راپۆرتەدا خستوومانەتە روو بەردەوامن ، ئەگەر بەڕێژەیەكی كەمتریش بێت لە ساڵی رابردوو، بەڵام ساڵی 2024ش حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆیان نەبینی لە دابینكردنی چوارچێوەی گونجاو بۆ گەرەنتیكردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری راستەقینە و مافی هاوڵاتیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی متمانەپێكراو و سەربەخۆ و هەمەچەشنە.
باسكردن لە ئاستەنگ و گرفتەكان، ئەوەی لەبەرچاومان وننەكردووە كە دەرفەتیش هەبوون بۆ پێشخستنی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، لەم روانگەیەوە میترۆ پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە راگرتن و هەڵوەشانەوەی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023ی وەزراەتی رۆشنبیری .
سەنتەری میترۆ داواكاری خۆی دووبارە دەكاتەوە بۆ ژینگەیەكی میدیایی هەمەچەشن و فرەیی ڕاستەقینە، كە تێیدا دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان، ئازادانە دوور لە پاوانكردنی زانیاری و ئاستەنگ بۆ یاسای رۆژنامەگەری كاری خۆیان بكەن.
میترۆ جەختدەكاتەوە: فەراهەمكردنی ئازادی رۆژنامەگەری راستەقینە و جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری، ڕێگا راستەكەیە بۆ ڕێگرتن لە چەواشەكردنی هاوڵاتیان و رووبەرووبونەوەی هەواڵی ناڕاست و زانیاری ناڕوون.
راسپاردەكانمان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان:
1. پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەكان كە ئازادی ڕۆژنامەنووسان زەوت دەكەن، نمونەی كەیسی شێروان شێروانی و قارەمان شوكری و سلێمان ئەحمەد.
2. كاركردن بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە ڕێگەی كاراكردنی یاساكانی كاری رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.
3. ئەنجومەنی وەزیران بەربگرێت بە دەركردنی فەرمان و رینمایی كە پێچەوانەی بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین نمونەی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 ی وەزراەتی رۆشنبیری كە ئەنجومەنی وەزیران رایگرت و هەڵیوەشاندەوە.
4. رەچاوكردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت و سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان.
5. كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسككردنەوەی جوڵەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر سنورەكان كە مەترسییان بۆ سەر تیمەكانی میدیا نییە.
6. دانانی میكانیزمێكی نیشتمانی هەمیشەیی و سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.
7. دەركردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی هەموو ئەو فەرمان رێنمایی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادی زانیاری.
8. كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەهەر جۆر توندوتیژییەك بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، ئەمەیش بە پلانیێكی كاركردنی ڕوون بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەو دەزگای ئاسایشی هەرێم.
9. فەرمانی مانەوەی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن، تەنها پۆلیس بۆی هەبێت لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بكات.
10. كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی، هێرشی ئەلیكترۆنی، ناوزڕاندنی رۆژنامەنووسان، لەكاتی كاركردنیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی، یان رەخنە گرتن.
فۆتۆ : ئیبراهیم فەتاح