وەفدی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە میترۆ بوون




ئەمڕۆ تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان كرد لە وەفدێكی هاوبەشی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەغداو هەولێر، كە پێكهاتبوون لە كیم ستڕۆلۆ سەرۆكی بەشی دیبلۆماسی گشتی لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ، دانیيڵ كورشاك وتەبێژی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، سەرباز حمەخان راوێژكاری میدیایی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر. 

لەو دیدارەدا تیمی میترۆ تیشكیان خستە سەر راپۆرتی رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستانی عێراق 2024، كە باس لە ئاڵەنگارییەكانی ژینگەی راگەیاندن دەكات وەك تیرۆركردن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هەوڵی كوشتن، هەڕەشەكردن، هێرش بۆ سەر تیمی كەناڵەكان، رێگری، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی یان زەوتكردنی، لێپێچینەوەی نادادوەرانە، دەستگیركردن بێ فەرمانی دادوەر، جیاكاری، پێنەدانی زانیاری، هێرش و لێدان و برنیداركردن، هێرشی ئەلیكترۆنی و پڕكردنەوەی بەڵێننامە، پەنابردن بۆ یاسای گشتی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە، نەبوونی دەرفەتی یەكسان بۆ رووماڵكردنی ئازادانە، ئەمانە بوون بەهۆی ئەوەی كە ئەمساڵیش هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی پڕ لە تەحدا بێت بۆ كاری راگەیاندنەكان. 


لەناو دەزگاكانیشدا نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، كێشەكانی گرێبەستی دادپەروەرانە، خراپتربوونی حاڵەتەكانی دەركردنی رۆژنامەنووسان لەكارەكانیان و دواكەوتن یا پێنەنەدانی موچە، تەورێكی تری راپۆرتەكەی میترۆ بوو كە خرایە بەردەستی وەفدی میوان.


PM:04:28:28/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌