وتاری سەنتەری میترۆ لە مەراسیمی چلەی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلو، کە ئەمرۆ لە کۆمپانیای چەتر، رێکیخستبوو.
ئامادەبوانی بەڕێز
هاوڕێ و خانەوادەی شەهیدی رۆژنامەنوس عەزیز كۆیلوئۆغلو
سەری رێز بۆ خەباتی پیشەیی عەزیز كۆیلوئۆغلو، نوسەر و ڕۆژنامەنووس، ئەندامی ڕاگەیاندنی ئازاد و هەموو ئەو رۆژنامەنوسانە دادەنەوێنین ، كە بە ئامانجی خستنەرووی حەقیقەتی تاوانەكانی جەنگ گیانیان بەختكرد، هاوكارانمان: گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، مراد میرزا و هاوڕێكانیان لە باشور و رۆژئاوی نیشتیمانەكەمان ، هەموو كاروانی شەهیدانی رۆژنامەگەری .
بە شەهیدكردنی عەزیز كۆیلوئۆغلو ئەمە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كە لە شەڕێكی چەكداریدا لە هەرێمی كوردستان بە بۆردومان شەهید كرابن، پێیان دەڵێین بمانبورن كەلە هەرێمی كوردستان پارێزراو نەبوون، بمانبوورن ئێوە شەهید نەدەكران گەر سیخوڕی ناوخۆ چاوساغی بۆ بكوژان نەكردبا.
ئامادەبووانی بەڕێز
بەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕوونە كە سوپای توركیا جیاوازی نەكردووە لە نێوان خەڵكی مەدەنی و هێزی شەڕكەر و هەموو جبەخانەی دڕندەی خۆیان تەرخانكردووە بۆ كوشتن و وێرانكردن.
هەموو لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوور دەزانن كە ئەمەی هێزی سوپاسی دەوڵەتی داگیرکاری توركیا دەیانكات هێرشی ئەنقەستن بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و خەڵكی مەدەنی بەڵام بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی زاڵن بەسەر بەهاكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی مەدەنی.
لەو هێرشانەی هێزی ئاسمانی و زەمینی سوپای توركیا، بە هیچ شێوەیەك رەچاوی (رێككەوتنی جنێف ساڵی 1949) نەكراوە كە هەموو بڕگەكانی باس لە پاراستنی مافە بنەڕەتیەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.
سەنتەری میترۆ داوا دەكات:
• رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان فشار بكەنە سەر حكومەتی توركیا بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.
• حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، زانیاری و روونكردنەوە لەسەر رێكەوتنی ئەمنی نێوان خۆیان و حكومەتی توركیا بدەن، تا هاوڵاتییان بڕیاربدەن چی بكەن.
• حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆڵی تەماشەكەر نەبینن و هاوڵاتیانیان لە ئاگری ئەم جەنگە بپارێزن.
سوپاس