پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 6ی نیسانی 2025، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازی كرد لە (سیسكا دەڤێڵت) سكرتێری كاروباری سیاسی كونسڵگەری گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان.
لە میانی سەردانەكەیدا گفتوگۆ لە بارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و دەرفەت و بەربەستەكانی بەردەم ئازادی رادەربڕین.
سیسكا سوپاسی پێشوازی میترۆی كرد، خۆشحاڵی دەربڕی كە میترۆ وەك رێكخراوی سەربەخۆی بێلایەن چاودێری رەوشی ئازادی میدیا و رادەربڕین دەكات و راپۆرتەكانی بوون بە سەرچاوەی زانیاری سوود بەخش.
رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە چەند جۆرێك لە میدیا كرد كە پارەی هەندێ لە سیاسییەكان و دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و دامەزراوەی دارایی حزبەكان بەڕێوەدەبرێن، بوونە مۆتەكە بەسەر ئازادی میدیا و پیشەی كاری رۆژنامەنووسی راستگۆ و راستەقینە.
رەحمان غەریب ووتی "سەرهەڵدانی بەهێزی میدیای هەواڵگری و میدیا رەتاندنەوە و میدیای پاوانكراو بە پارەی سیاسی دزراو لە داهاتی گشتی بوون بە ئاڵنگاری بۆ بەردەم ئازادی میدیا و دەزگا سەربەخۆكان"
ووتیشی" دەسەڵات دیمەنی رۆژنامەگەری پڕكردووە لەو كەسانەی وەك خۆیان دونیا دەبینن"جەختیكردەوە،" نەك لەناو دەزگای میدیا بەڵكو لە ناو رێكخراوەكانیش هەمان چیرۆك دووبارە دەكەنەوە بۆ شێواندنی راستییەكان و پیشاندانی فرەییەكی درۆزنانە"
لە كۆتایی دیدارەكەدا سكرتێری كاروباری سیاسی كونسڵگەری گشتی شانشینی هۆڵەندا، سوپاسی تیمی میترۆی كرد، هیوای خواست لە كارەكانیان بەردەوام بن.