زیرەكی دەستكرد مەكەنە خزمەتی هەواڵ و زانیاری ساختە و گەمەپێكراو



 

‎سلێمانی،28ی ئەیلولی 2023: لەرۆژی جیهانی گشتاندنكردنی سوود وەرگرتن لە زانیاری، سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لەهاوڵاتیان و میدیاكاران، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لەئاشكراكردنی دۆسییە زۆرو زەوەندەكانی گەندەڵی، داوادەكەین، بەڵگەنامە و ئاماری رەسمی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان، میدیاكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تا ببنە شەریك لە پرۆسەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی.

بەهۆی شاردنەوەی زانیاری هەستیار و گرنگ لەهاوڵاتیان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لەئاشكراكردنی دۆسیە زۆرو زەوەندەكانی گەندەڵكاران.

میترۆ، داوادەكات بەڵگەنامە و ئاماری رەسمی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان، میدیاكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تا ببنە شەریك لە پرۆسەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی.

‎ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ جیهاندا ئەم یادە دەكەینەوە كە تیایدا زیرەكی دەستكرد رۆڵی گرنگ دەبینێ لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن.بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی تر بۆ ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان.
‎ 
زانین مەرجێكی گرنگە بۆ حكومداری باش ، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیمۆكراسیەت لە یەكدی جیانكرێنەوە، دەستگەیشتن بەزانیاری و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، سیستمی دیمۆكراسی بەهێز دەكات، هەروەك بە پێچەوانەشەوە نەبوونی زانیاری رێگە خۆشدەكات بۆ گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی پەتای هەواڵی درۆ و بوختان و ناوزڕاندن.

لایەنی گرنگی گواستنەوەی زانیاری میدیاكانن بە بینراو، بیستراو، نوسراو، ئەلیكترۆنی، مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ ، گرنگیان كەمتر نیین لە پێدانی زانیارییەكان، میدیاكان دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، دوربن لە چەواشەكاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ. گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان لە میدیاكانەوە، بە راستی، دوركەوتنەوە لە یاریكردن بە هەواڵ و زانیاری ، دەلیلی رێزگرتنی رۆژنامەنوسە لە هاوڵاتیان و پیشەكەیان، لە بەها بەرزەكانی رەوشتی پیشەیی.

مافی زانیاری لەبەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە ماددەی 19ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان دیاریكراوە هاوكات ماددەی 10 لە رێكەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی پێكراوە. 

‎هەرێمی كورستانیش لە مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لەهەرێمی كوردستان، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات.

پاش 10 ساڵ لە دەركردنی یاساكە لە (8ی ئابی 2023 )، لە كابینەی 9 دا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پێكبێت.


AM:10:54:28/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 1384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌