هێزێكی ئەمنی چالاكییەكی مەدەنی سەركووت دەكات





سلێمانی، 13ی حوزەیرانی 2024: سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) كە پێچەوانەی یاساكانی رێكخستنی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەرین.

بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنج شەممە تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە.

لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پرۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا ، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت  كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ( ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، سپێدە، مایك)روماڵی چالاكییەكە بكەن.

هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و رێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان رێكخست.

لەم بارەیەوە بەهار عەبدولكەریم پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە میترۆی راگەیاند هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنها بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، رێگرییان كرد روماڵ بكەین ووتی "مایكو كەلوپەلی رۆزنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە" جەختیكردەوە " كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە  بانگت دەكەین بۆ ئاسایش"

بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكان گرتوەو كردویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنیەكان و بردوویانە.
وە دواتر دوای ٢ سەعات لە وەستانی ڕۆژنامەنووسان و چاوەڕێ كردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەل و پەلەكانیان یاونەتەوە.

سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) و دژ بە ئازادی خۆپیشانی ئاشتیانە و ئازادی كاری راگەیاندنكارانە.

بە پێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ئەركی هێزی ئەمنی پاراستنی بەشداربووانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبونەوەكانە نەك سەركوتكردنی.

بە پێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس مافی روماڵكردنی چالاكی گشتی هەیە و نابێ رێگریان لێبكرێت. 

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 13 راپۆرتی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاو كردۆتەوە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)،  Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەروەی ئەمریكا، Intenews، رێكخراوی IRI، لە رێگەی پرۆژەوە پاڵپشتی كردوە. 
metrocenter2009@gmail.com

#pressfreedomdom
#میترو_حریة_الصحافة
#metrocenter
#میترۆ_ئازادی_رۆژنامەگەری


PM:10:38:13/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌