سلێمانی، 23ی ئەیلولی 2024: سەنتەری میترۆ پشتیوانی لەو بانگەوازە دەكات، كە بەناوی كۆمەڵێك كەسایەتی ئاراستەی هەردوو ئەنجومەنی دادوەری عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و داوای ئازادی بۆ شرۆڤەكاری سیاسی (عیماد باجەلان)، دەكات كە نازانرێت زەوی قووتی داوە یان هێزە ئەمنییەكان بێسەروشوێنیان كردووە.
كۆمەڵێك كەسایەتی میدیایی، ڕۆژنامەنووس و توێژەری سیاسی بانگەوازێكیان بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادی ڕادەربڕین بڵاوكردۆتەوە، دانەیەكیان بۆ سەنتەری میترۆ ناردووە، كە تیایدا هاتووە "ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەو توێژەر و چالاكوانە سیاسەتمەدارەی كورد (عیماد باجەلان) لەلایەن هێًزێكی نەناسراوەوە بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق محمد شیاع ئەلسودانی دەستبەسەر كراوە و نازانین لە كوێیە"
سەنتەری میترۆ چەند رۆژێكە پەیوەندی بە كەسوكاری نزیكی عیماد باجەلانەوە دەكات، بۆمان دەركەوتووە كە كەسە نزیكەكانی زانیارییان لایەو نایدركێنن، بەڵام ئەوانی تر دەڵێن كە دەستگیركردنەكە سیاسییە، هەروەها باسیان لە بارودۆخی دەروونی خێزانەكەیان كرد كە وای كردووە باوكی عیماد لەو مانگەدا سێ جار تەندروستی تێكبچێت و ببرێتە نەخۆشخانە.
سەنتەری میترۆ پشتیوانی لەو بانگەوازە دەكات، كە بەناوی كۆمەڵێك كەسایەتی ئاڕاستەی هەردوو ئەنجومەنی دادوەری عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و داوای ئازادی بۆ توێژەر و چالاكوانی سیاسی عیماد باجەلان دەكات كە نازانرێت زەوی قووتی داوە یان هێزە ئەمنییەكان بێسەروشوێنیان كردووە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت بێسەروشوێنكردن، هەوڵێكە بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو كۆمەڵگەدا پێچەوانەی هەموو پرنسیپەكانی مافی مرۆڤە و بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە.
سەنتەری میترۆ داوا لە هەردوو وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات لە رێگەی وتەبێژەكانیانەوە چارەنووسی شرۆڤەكاری ناسراو (عیماد باجەلان) بۆ رای گشتی و خانەوادەكەی بڵاوبكەنەوە و دەستبەجێ ئازادی بكەن.
لەكانونی دووهەمی ئەمساڵ، كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق بڕیاری بۆ دامەزراوەكانی راگەیاندن دەركرد كە بۆ ماوەی دوو مانگ عیماد باجەلان لە شاشەكانیانەوە دەرنەكەوێت، هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئاگادار كردۆتەوە كە لە ئەگەری میوانداریكردنیدا هەموو رێكارێكی یاساییان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.
هەروەها لە12ی شوبات دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/كەرخ، بە تۆمەتی "سووكایەتیكردن بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق” فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردوە.