سنووردارکردنی ماف و ئازادیی ئەکادیمیی ڕەتدەکەینەوە




داواکردنی پەنجا ملیۆن دینار قەرەبۆکردنەوە لە پای «تاوان»ی دانانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لە مامۆستایەکی زانکۆ؛ دژ و پێچەوانەی ماف و ئازادیی دەربڕین، ڕۆژنامەگەریی و کارکردنی ئەکادیمییە و بەتوندی رەتدەکەینەوە.

هەشت مانگ لەمەوپێش و لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو و دۆسییەکی دەگمەندا؛ دادگەی کەتنی سلێمانی/٢ بە مادە ٤٣٣ی یاسای سزادانی عێراق سزای سێ مانگ بەندکردن (لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێکردنییدا) بەسەر سەرنووسەری پەروەردەی میدیایی گۆڤاری دەرگاوان و مامۆستای زانکۆ: دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پسپۆڕی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن و کولتوور و میدیا دا دەسەپێنێت. بەدوایدا سکاڵای مەدەنیی ژمارە ٥٠٤/ب/ ٢٠٢٥ لەسەر ناوبراو تۆمار دەکرێت و داوا لە دادگای بەرایی سلێمانی/٣ دەکرێت لە ڕۆژی ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٥ بۆ یەکەم دانیشتن بانگهێشتی دادگا بکرێت و پاشان ناچاربکرێت کە پەنجا ملیۆن دینار وەک قەرەبۆی مادیی و مەعنەویی سکاڵاکار بخرێتەئەستۆی!

ئێمە لە سەنتەری میترۆ؛ ئەو دۆخە نوێیە بە سرووشتیی نازانین و دژ بە سزادانی نایاسایی و ناڕەوای ڕۆژنامەوان و مامۆستایەکی زانکۆی وەک د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەسەر هێنانەوەی نموونەی زیندووی مانشێتی چەند میدیایەکی کوردیی لە دەقی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئیتیکی میدیا بۆ خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی هەڵەبجە، ناڕەزایی دەردەبڕین. 
داوکارین دادگا و دادوەرانی کوردستان لەژێر پەردەی یاسا و بڕگە لاستییکییەکانییدا؛ چیدیکە یاری بە ماف و ئازادیی دەربڕینی ئەکادیمیی لە خوێندن، وانەوتنەوە، توێژینەوەی خەوشییەکان و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان نەکەن، چوونکە ئەمە پێشهاتێکی مەترسییدارە و لەمەودوا هەرێمی کوردستان هەر بەتەنیا بۆ ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ نا، بەڵکوو بۆ توێژەران و مامۆستایانی زانکۆش ژینگەیەکی ئارام و ئازاد نابێت!

بەپێچەوانەی ڕێکاریی و بڕیارەکانی دادگاکانی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا و وەک رەدی ئیعتیبار بۆ ناوزڕاندنی د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ لەلایەن وەزیرانی خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەوە دوو نامەی «سوپاس و پێزانین»ی ئاڕاستەکرا. ئەوەیش لە پای هەوڵەکانی بۆ پێکەوەبەستنەوەی لایەنی تیۆریی بە بازاڕی کاری ڕۆژنامەگەریی لە باش پەروەردەکردنی خوێندکارانی بەشەکانی ڕاگەیاندن و نەوەی نوێی ڕۆژنامەوانان.

بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەریی لەهەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٨ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی؛ هەر پرس و بابەتێک لە نێوەندە ئەکادیمییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و جۆرناڵە زانستییەکاندا بورووژێنرێت و باسبکرێت بە تاوان دانانرێت، چوونکە ئامانج لێی فێرکردن و تێگەیاندن و پەروەردەکردنە. لەم دۆسیانەشدا؛ گرنگە پەنا بۆ ڕێکارە کارگێڕییەکانی زانکۆ و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ببرێت، نەک ڕێکاریی نائەکادیمیی و مادەکانی یاسای سزادانی عێراق، ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩.

سەنتەری میترۆ
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥


PM:03:57:27/02/2025




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌