راگرتنی پەخشی کەناڵی ئاسمانی کەناڵ8، و پەیجی فەرمی کەناڵەکە، تەواو پێچەوانەی پێودانگە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئازادی میدیا، داوادەکەین بەزوترین کات ئەو رێگریانە کۆتاییان پێبێت و پەخشی ئاسایی کەناڵەکە دەست پێکاتەوە.
دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8، رایگەیاند، لەکاتى پەخشکردنى دیمانەى موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، پەخشى کەناڵ8 لە مانگى دەستکردى نایلسات و یاهسات و پەیجى فەرمیى کەناڵەکە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک راگیرا.
کاتژمێر 17:00ـى ئێوارەى ئەمڕۆ، کەناڵ8 لە چوارچێوەى ئەرکى میدیایى و کارى پرۆفیشناڵانەى خۆیدا، پەیامى فەرمیى پەکەکەى لەبارەی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان، لە رێگەى موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە کەناڵ8ـەوە گواستەوە.
پاش نیو کاتژمێر لە پەخشکردنى دیمانەکە، پەخشى کەناڵەکە لە مانگى دەستکردى نایلسات و یاهسات و پەیجى کەناڵ8 لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک راگیرا.
بۆیە ئێمە لە سەنتەری میترۆ، ئەم رێگریانە وەک بڕیارێک و سزایەکی سیاسی بەرامبەر بە کەناڵەکە تەماشا دەکەی و داوا دەکەین بەزوترین کات پەخشی ئاسایی کەناڵەکە بگەڕێتەوە و پەیجی فەرمی کەناڵەکەش ڕادەست بە خاوەنەکەی بکرێتەوە.
کەناڵ8، لە 1ـى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە بە بەردەوامى لە کارە رۆژنامەوانییەکانیدا رۆژانە بۆچوونى تەواوى لایەنەکانى ئەو پرۆسەیەى لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە گواستووەتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا بێلایەنانە و پیشەییانە کاری میدیایی خۆی کردووە.