سانسۆر بۆ شاردنەوەی زانیاری رەتدەكەینەوە



میترۆ، سلێمانی، 27ی ئازاری 2025: میترۆ رایدەگەیەنێت دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە ئەوە دەستنیشان بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن.
رووداوەكانی كوشتن سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی رووماڵكردنی تاوان كە ڕێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت، قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن.
رێكەوتی 26ی ئازار فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، بە نوسراوێك كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی ناردوە، "چاوپێكەوتن لەگەل كەس و كاری تاوانلێكراو نابێ بكرێت" بە  پێچەوانەی دەقی مادەی (236  ) برگە ( 1 ) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ( 111 ) سالی ( 1969 ) هەمواركراو بەركارە لە هەرێم" 
دەڵێت "هەر حالەتێك بچێتە خانەی پێشێل كردنی یاسا و رێساكان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی رێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە بەر".
داواشیكردوە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندبكرێن كە خۆیان بەدوور بگرن لە روماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە رەچاوی یاساو رێنماییەكان بكەن، ئەگەر پابەند نەبن رێكاری یاساییی دەگرێنە بەر. 
میترۆ لەگەڵ ئەوەدا نییە میدیا بچێتە ناو هەندێ وردەكاریی تاوانەكان كە كاریگەرییان لەسەر رێڕەوەی لێكوڵینەوەكاندا هەیە یان شێوازی روماڵكردنەكەی ببێتە مایەی هاندانی توندوتیژی یان كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی قوربانییەكە هەبێت، یان تایبەتمەندی قوربانییەكە پێشێل بكات، یان لە بری دادگاكان حوكم بدات.
میترۆ رایدەگەیەنێت دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە كە ئەوە دیاری بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن.
تێدەگەین كە لە پرسی روماڵی تاواندا، هەندێ دەزگای میدیا لە پَیودانگەی پیشەیی و ئەخلاق و ڕێسای ڕەفتاری پیشەكە لایداوە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكارێك كە رینمایی لایەنێكی رەسمی ببێتە جێگرەوەی یاسا.



PM:03:26:27/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌