لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا
كارێك مەكەن كە ناكۆك بێت لەگەڵ رەوشتی پیشەكەتاندا
بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی پیرۆزبایی گەرم لە ڕۆژنامەنووسان دەكەین، داوا دەكەین یادی 127 ساڵە، ببێتە مایەی دروستبوونی ویستێكی راستەقینە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و زانیاری و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا، رۆژنامەنووسانیش هیچ ئەركێك لە ئەستۆ نەگرن كە ناكۆك بێت لەگەڵ ئاكاری پیشەكەیاندا.
لەكاتێكدا یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری دەكەینەوە، كە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، بە بێ سزا تێپەڕبوون و بە بەندەكانی یاساكانی سزادانی عێراقی رۆژنامەنووسان حوكمدراون ، لە هەرێمی كوردستان ویستێكی راستەقینە لە ئارادا نییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری.
لەناو دەزگاكانی راگەیاندندا نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، كێشەكانی گرێبەستی دادپەروەرانە، خراپتربوونی حاڵەتەكانی دەركردنی رۆژنامەنووسان لەكارەكانیان و دواكەوتن یا پێنەنەدانی موچە، بەردەوام بوون.
سەنتەری میترۆ لە 14 راپۆرتی ساڵانەی پێشوویدا، دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لەگەڵ دەرخستنی پێشێلكارییەكان، چەندین راسپاردەی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەم یادە شكۆمەندەدا داوا دەكەین:
1. پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەكان كە ئازادی ڕۆژنامەنووسان زەوت دەكەن، نموونەی كەیسی (شێروان شێروانی و قارەمان شوكری).
2. كاركردن بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە ڕێگەی كارا كردنی یاساكانی كاری رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.
3. ئەنجومەنی وەزیران بەربگرێت بە دەركردنی فەرمان و رێنمایی كە پێچەوانەی بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین نموونەی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 ی وەزراەتی رۆشنبیری كە ئەنجومەنی وەزیران رایگرت و هەڵیوەشاندەوە.
4. رەچاوكردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت.
5. كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسككردنەوەی جووڵەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر سنورەكان مەترسییان بۆ سەر تیمەكانی میدیا نییە.
6. دانانی میكانیزمێكی نیشتمانی هەمیشەیی و سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.
7. دەركردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی هەموو ئەو فەرمان و رێنماییانەی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادی مافی بەدەست هێنانی زانیاری.
8. كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەهەر جۆرە توندوتیژییەك بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، بە پلانی كاركردنی ڕوون بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی هەرێم.
9. فەرمانی مانەوەی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن و تەنها پۆلیس بۆی هەبێت لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بكات.
10. كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی، هێرشی ئەلیكترۆنی، ناوزڕاندنی رۆژنامەنووسان لەكاتی كاركردنیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی یان رەخنە گرتن.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی رۆژنامەگەری كوردستان
سەنتەری میترۆ
22ی نیسانی 2025