ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی تۆڵەکردنەوەیە




سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ هێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی لەماڵەکەی خۆی دەستگیردەکەن و لەئێستادا لەبنکەی پۆلیسی ماڵتاوە بۆ زیندانی چاکسازی زرکا گواستراوەتەوە.

 میترۆ تێبینی ئەوەی کردووە ڕۆژنامەنووسان ئەگەر کێشەیەکی یاساییان هەبێت لە ڕۆژی پێنج شەمە دەستگیری دەکەن ، بۆئەوەی ڕۆژانی پێنج شەمە و هەینی و شەمە بەدەستبەسەرکراوی بهێڵدرێتەوە ، ئەمەش بەجۆرێک لە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان دەبینین پێش ئەوەی دادگایی بکرێت .

بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی ڕۆژنامەنوسان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بە مەترسی دەبینین و بۆچی دەبێت بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیربکرێت و یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لەکاتێکدا کە دەبوو خودی سکاڵاکار بیسەلمێنێت کە ووتەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ڕاست نییە ، نەوەک بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .

دەستگیرکردنی بەردەوامی ڕۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات.

 ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان.


PM:07:42:22/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌