رێگری لە دەنگی ئەمریكا بێڕێزیە بەیاسای رۆژنامەگەری





سلێمانی، 27ی شواباتی 2024: سەنتەری میترۆ، رێگری لە تیمی رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە بازگەی (هیران -  شەقڵاوە)، بێڕێزییە بەرامبەر كاری تیمەكانی راگەیاندن، داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكات.
دیار جەمال، پەیامنێری دەنگی ئەمریكا بە سەنتەری میترۆی راگەیاند نزیكەی دوو كاتژمێر لە بازگەی هیران، رێگریان لێكراوە لەوەی بە كەرەستەی رۆژنامەوانییەوە  بە بازگەكە تێپەڕن.
بازگەكە كە زانیویانە تیمی رۆژنامەوانین، لێكۆڵینەوەیەكی وردیان لەگەڵكردوون  و  زۆر زانیاری كەسی و تایبەتییان لێداواكردوون. 
تیمی دەنگی ئەمریكا ( دیار جەمال، كاروان كاكل)، ویستوویانە بچنە قەزای (ئاكرێ)ی سەر بە پارێزگای دهۆك بۆ كارێكی رۆژنامەنوانی لەسەر ستافی كونسڵخانەی ئەمریكا.
دیار بە میترۆی ووت" هەر كە زانیان درۆنمان پێیە ئیتر كارەكەمان قورس بوو" جەختیكردوە" پێیان ووتین یان بە بێ كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانتان تێدەپەڕن یان خۆتان و كەلوپەلەكانتان بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان".
دیار كە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی ئەفسەرێكی بازگەكە بەڵێننامەیەك بە خەتی خۆی دەنوسێ دوا لە دیار جەمال دەكات پەنجەمۆری بكات، ناوەڕۆكەكەی:
من ناوم دیار جەمال ابرهیم فتاح دانیشتووی شاری سلێمانی گەرەكی هەواری نوێ و پەیامنێری كەناڵی دەنگی ئەمەریكام، بەمەبەستی وێنەگرتنی ستافی كونسوڵخانەی ئەمەریكا دەمەوێت بچمە ئاكرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆم پێ نیە بۆ بەكارهێنانی درۆن لەسەر داوای خۆم دەگەڕێمەوە بۆ سلێمانی.
دیار ووتیشی" پەنجەمۆرم لەسەر نوسراوی ئەفسەری بازگەكە كرد بۆ ئەوەی دەستبەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانی دەنگی ئەمریكا نەگرن".
سەنتەری میترۆ، رێگری لە تیمی رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە بازگەی (هیران -  شەقڵاوە)، بێڕێزییە بەرامبەر كاری تیمەكانی راگەیاندن و رەتیدەكەینەوە، داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكەین لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكات.
لە مامەڵەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن، یاسای ڕۆژنامەگەری ناكرێت بە سەنگی مەحەك، پێشێلدەكرێت ، ئەڵبەتە لە بری یاسای رۆژنامەگەری پەنا بۆ بڕیارو رێنمایی وەزارەتی وەزیر یان وەزارەتی ناوخۆ دەبرێت.
ئەم رەفتارانە وایكردوە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن و داوابكەن  پێشێلكارییەكانی لە مەڕ مافی‌ ئازادی‌ رادەربڕین، بوەستێنن .


PM:12:02:27/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌