میترۆ: پێویستمان بە تۆڕێكی نیشتیمانییە بۆ بەرگری لەمافی ئازادی رادەربڕین




بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەرەنگاری هەر هەولێك دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی بیروڕا و زانیاری و سانسۆر و سنوورداركردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و كردەوەی توندوتیژی بەرامبەر بیروڕای جیاواز.
ئەمرۆ پێنج شەممە 14ی ئازاری 2024، لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ، بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی ئامانج و ئامرازەكانی تۆڕی هاوپەیمانی 19، فۆكس گروپێك بۆ كۆمەڵێك لە خوێندكاران و چالاكوانی مافی مرۆڤ رێكخرا.
شایی ئاسۆ رێكخەری تۆڕەكە كورتەیەكی دەربارەی ئامانج و كارەكانی ئەو تۆڕە خستەروو كە سەنتەری میترۆ لە هەموو شارەكانی كوردستان كار بۆ دروستكردنی دەكات، ئەركی چاودێریكردنی مافی ئازادی رادەربڕینە، وەك ئەوەی  بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا، وەك بەندێكی سەربەخۆ گوزراشت لە مافی ئازادی رادەربڕیندا هاتووە.
باسی لەوەكرد لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئازادی ڕادەربڕین دوو دیوی یەك دراون، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاری، ئینتەرنێت و جۆرەكانی تری پەیوەندی دیجیتاڵییەوە و هەردوو مافی ئازادی رادەربڕین و مافی دەستڕاگەیشتن بەزانیاری پەرەسەندنی گەورەیان كردوە.
شایی ووتی" بەرەنگاری هەموو جۆرەكانی سەركوتكردنی بیروڕا  دەربڕین، ئەركێكی گرنگی هەموو كەسێكە كە بڕوای بەو مافانە هەیە پێكهێنانی ئەم تۆڕە بەرگری لەو بەهایانە دەكات".
لەو فۆكس گروپە دیاری محمد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند ئازادی ڕادەربڕین بەوە گەشە ناكات كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكرێنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی رقوكینەو و دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی ئەوانی تر و تایبەتمەندییەكانیان" ئەم تۆڕە كار دەكات بۆ هاندانی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دروستكردنی هۆشیاری تا ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گەیشتن بە ڕاستی بە شێوەیەك بێت كە هەمووان رێز لە جیاوازییەكانی یەكتر بگرین" جەختیكردەوە" بەرگری لە مافی هەمووانیش دەكەین بە ئازادی و بێ ترس لە سزا یان سانسۆر بیروڕای خۆیان دەربڕن"
دیاری باسیلەوەشكرد چالاكوانان، رۆژنامەنووسان، نووسەران و هەونەرمەندان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاسایی ئەوانەی پەیوەندییان بە حزبە سیاسییەكانەوە هەیە یان پەیوەندییان بە حزبە سیاسییەكانەوە نییە، گەر لە ئەنجامی دەربڕینی بیروڕكانیان هەر كێشەیەكیان بۆ دروست ببێت، ئەوا تۆڕەكە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر كەیسەكانیان.
ئامادەبووان بە ئامانجی دەوڵەمەندكردنی پرۆژەی دروستكردنی تۆڕو دیدگا و پەیام و بەرنامەی كاركردنی، بیروڕای خۆیان خستەروو. 
ئامادەبووان جەختیان لە خاڵە هاوبەشەكان كردەوە ، هاوڕابوون لەسەر پێویستی تۆڕێكی نیشتمانی بۆ بەرگری لەمافی ئازادی رادەربڕین و بەرگرتن لە هەر هەوڵێك بۆ كۆتوبەندی ئەو مافانە.
#میترۆ_ئازادی_رۆژنامەگەری
#میترو_حریة_الصحافة
‏#freedomeofpress
‏#metrocenter
فۆتۆ: هۆزان کەمال


PM:02:36:17/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌