چالاکوانانی عێراق: ئازادکردنی تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی و گێڕانەوەی بۆ سەرکار خەڵاتکردنیەتی




ئازادکردنی تۆمەتباری دۆسیەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، لێکۆڵەری ستراتیژی عێراقی، نیگەرانی لای ڕۆشنبیران و چالاکوانانی سیاسی عێراقی دروستکردووە، بەوپێیەی تۆمەتبارەکە نزیکە لە گروپەکانی حەشدی شەعبییەوە و پێیانوایە لە سزا دەربازکراوە.

ڕۆژی 6ی مانگی 7ی 2020، هیشام هاشمی لێکۆڵەری ستراتیژی عێراقی، لەبەردەم ماڵەکەی لە شاری بەغدا تەقەی لێکرا و کوژرا. دواتر ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی ئەحمەد محەمەداوی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

بەڵام میدیاکانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە کە دادگای تاوانی بەغدا بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە تۆمەتەکانی لەسەر ئەم ئەفسەرە لابردووە و ئازادی کردووە.

عەبدولرەحمان عوبەیدی، چالاکوانی سیاسی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی سەر بە میلیشیاکان بوو، دوای ئازادکردنی لەلایەن دادگاوە وەکو ئەفسەری پۆلیس دەستبەکاربووەتەوە و ئەمە خەڵاتکردنیەتی."

دەشڵێت، "ئازادکردنی تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی نادادپەروەری و تاوانێکی گەورەبوو، یەکێکە لە دوو ڕووییەکانی دەسەڵاتی عێراقی بەرامبەر گەلەکەی."

هیشام هاشمی شارەزای بواری گروپە چەکدارە ئیسلامییەکان بوو و بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دادەنرا. بەر لە کوشتنی بە ماوەیەکی کەم، لێکۆڵینەوەی لەبارەی ناکۆکی نێوان گروپەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکردبوویەوە و چەند سەرچاوەیەک دەڵێن خۆی ئاماژەی بە ئەگەری کوشتنی لەلاین میلیشیا شیعەکانەوە داوە.

ئەحمەد محەمەداوی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی هاشمی سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکراو هەفتەی ڕابردوو ئازادکرا، پێشتر لە میدیا عێراقییەکان گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانەکەی بڵاوکرایەوە کە گوایە دانی بەکوشتنی هاشمیدا نابوو.

بەڵام دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەڵێت دانپێدانانەکەی گونجاو نەبووە بۆ تاوانبارکردنی و هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ سەلماندنی ڕاستی دانپێدانانەکەی.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە عێراق دەڵێن ڕێگەیان پێنەدراوە ڕووماڵی دوا دانیشتنی دادگا بکەن کە تێیدا بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکە دراوە.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای ئازادکردنی تۆمەتباری دۆسیەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی لەگەڵ ڕێکخراوە عێراقییەکاندا تاوتوێی هەڵوێستوەرگرتنمان کرد، چونکە کاری هاوبەش و هەماهەنگی لە نێوانماندا هەیە."

ئەو وتی، "عێراق لە ژێر هەژموونی گروپە شیعەکاندایە و هەستمان کرد هەندێک لە ڕێکخراوەکان ناوێرن هەڵوێست وەربگرن، هەرچەندە هەموو ڕێکخراوە عێراقییەکان نیگەرانن لە ئازادکردنی تۆمەتبارەکە. دەربازکردنی تۆمەتبارەکە برەودانە بە دەربازکردنی تاوانبار لە سزا."

بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، هیشام هاشمی پێش تیرۆرکردنی ڕاوێژی بە حکومەتەکەی مستەفا کازمی داوە لەبارەی پلانێک بۆ سنوردار کردنی هەژموونی گروپەکانی سەربە ئێران و زیاتر کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپانە لەلایەن دەوڵەتەوە.

یاسین تەها، شارەزا لەکاروباری عیراق، ئاماژە بەوەدەکات دووجۆر لێکدانەوە بۆ هۆکاری کوژرانی هیشام هاشمی لەسەر ئاستی عێراق دەکرێت کە هەردووکیان ڕووداوەکە بۆ تیرۆری سیاسی دەگێڕنەوە.

یاسین تەها، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیشام هاشمی پێش تیرۆرکردنی هەندێک ڕاپۆرتی هەستیاری لەبارەی حەشدی شەعبی و سەرچاوەی داراییان و مەسەلەی سەرانە سەندن بڵاوکردەوە. بەشێک لە زانیارییەکانی نەبیستراو بوون. هەندێک هۆکاری تیرۆرکردنەکەی بۆ ئەو نوسینانە دەگێڕنەوە کە بڵاوی دەکردنەوە."

دەشڵێت، "هیشام هاشمی نزیکایەتی زۆری لەگەڵ کازمی هەبوو. هەندێک کوشتنەکەی وەکو نامەیەک بۆ کازمی دەبینن بەوەی هەموو کات دەستمان پێتاندەگات، ئەوکاتیش وا بڵاوبوو گوایە کازمی بەرەنگاری هێزە شیعەکان دەبێتەوە. هەرچەندە کەسێک دەستگیرکرا بەڵام لەهەموو سیناریۆکاندا ئەو کەسە جێبەجێکارە نەک بڕیاردەر و ئەمە لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژەی پێنەکرا، کازمیش هیچی پێنەکرا بۆ وەرگرتنەوەی خوێنەکەی."

هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ گروپەکانی حەشدی شەعبی لە دۆسیەی کوژرانی هیشام هاشمی دا درێژ دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچکام لەو گروپانە بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە تیرۆرکردنی ناوبراو ڕانەگەیاندووە.

-VOA



PM:02:18:27/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌